سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی شارەوانیدا بڕیاردرا، 15 كۆڵانی شەقامی سالم بكرێنە شوێنێكی گەشتیاری و بازرگانی، بە مەرجێك باڵەخانەكانی ئەو ناوچەیە لە چوار نهۆم زیاترنەبێت و ئۆتۆمبێلیش هاتوچۆی تێدا نەكات.
بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە كۆبوونەوەیەكی ئاسایی ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی بەرێوەچوو كە هەریەكە لە سەرۆك و جێگر و ئەندامانی ئەنجومەن، نوێنەری داواكاریی گشتیی لە كۆبوونەوەكە ئامادەبوون.
لە كۆبوونەوەكە ئەنجومەنیی شارەوانیی سلێمانی دوای تاوتوێكردنی قەڕەباڵغیی شەقامی سالم، بڕیاردرا كە لە كۆڵانی ژمارە 29 تا 43 بكرێن بە گەشتیاریی و بازرگانیی.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەو بڕیارەش بە چەند مەرجێك جێبەجێدەكرێت لەوانە، پێویستە هەر بینایەك لە چوار نهۆم زیاتر نەبێت و ئۆتۆمبێل بەهیچ شێوەیەك ناچێتە ناو ئەم شوێنە گەشتیارییەوە.
باس لەوەشكراوە، دیزاینی بیناكان دەبێت بە شێوازێكی كەلەپووریی و كلاسیكی سلێمانی بێت، ئەو بڕیارانەش لە پێناو جوانكردن و جێگرەوەی شەقامی سالم دەبێت.