ئاسۆ مامەند: هاوپەیمانیی کەرکوک تایتڵی بەیەکەوە كاركردنەمانە بۆ بەهێزترکردنی ئیرادەی نەتەوەکەمان

ئاسۆ مامەند سەرۆکی قەوارەی هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە رایگەیاند، هاوپەیمانیی کەرکوک تایتڵی بە یەکەوە كاركردنەمانە بۆ بەهێزترکردنی ئیرادەی لە بن نەهاتووی نەتەوەکەمان لە کەرکوکی کوردستانیی، لە رێگەی ئەم هاوپەیمانییەوە بەرەو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و گێڕانەوەی ماف و خواستە شەرعی و یاساییەکانمان هەنگاو دەنێین کە لە دەستوری هەمیشەییدا دەستەبەرکراوە.

ئاسۆ مامەند لە پەیامێکدا رایگەیاند، هەموومان بە یەکەوە دەست لەناو دەست بەرەو سەرکەوتن و پتەوکردنی یەكێتیی ریزەكانی میللەتەكەمان، بەرەو گۆڕانكاری و بەدەستهێنانەوەی مافە دەستوری و یاساییەکانمان لە کەرکوکی قودسی کوردستان دوای حەڤدە ساڵ جارێکی تر بەرەو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هەنگاو دەنێین.

ئاماژەی بەوەشکرد، پشت ئەستوور بە ئیرادەی پۆڵایینی ئێوەی خۆڕاگر، بێ نەسرەوتن و دوور لە موزایەدە و بەڵێنی بێ کردار، وەک چۆن لە رابردوودا لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سەلماندمان کە پارێزەر و داکۆکیکارێکی سەرسەختی خواست و مافە رەواکانتان بوین، بەڵێن دەدەین کە بەو گیان و باوەڕەوە لە گەڕی دووەمی دەستبەکاربوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بێ سڵەمینەوە شەڕی دیمۆکراسی لەسەر ماف و خواستە یاسایی و دەستورییەکانتان بکەین، و رێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نەدەین لە ژێر هیچ پاساو و بارودۆخێکدا مافە نەیەوەییەکانی میللەتەکەمان پێشێل بکات.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا ئاشکرایکرد، ئێمە بە یەكەوە بەهێزترین چونکە لەم وێستگە مێژووییەدا کە ئێجگار گرینگ و چارەنووسسازە بۆ نەتەوەکەمان و یەکلاکردنەوەی داهاتووی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، هەروا بۆ ئەوەی رۆحی شەهیدان، و رەوانشاد سەرۆك مام جەلال شاد و ئاسوودە بن، دەبێت لە رۆژی 18 ی کانوونی یەکەم دەنگ بە کاندیدانی لیستی (هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) بدەن، لەو رۆژەدا بە دەنگەکانتان دووبارە کوردستانیی بوونی کەرکوک بسەلمێنن وەک چۆن لە رابردوودا ئەو راستییەتان بۆ دۆست و نەیارانی کورد سەلماند.

بابەتی پێشتر

کەشناسیی هەرێم: شەپۆلێکی بارانبارین هەرێم دەگرێتەوە

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێویستە هەمووان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share