بەرپرسی بۆردی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی رایدەگەیەنێت، “بەدواداچوونمان بۆ کەیسی دەستگیرکردنی ئەو دوو رۆژنامەنووسە کردووە کە لە سلێمانی دەستگیرکراون و هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان سیاسی و رۆژنامەوانی نییە”.
لەتیف نێروەیی، بەرپرسی بۆردی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دەستگیرکردنی دوو رۆژنامەنووس لە سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، “لەسەر بڕیاری بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، بەدواداچوونمان بۆ ئەو کەیسە کرد و پەیوەندیمان بە ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی کرد، پێی راگەیاندین ئەو دوو رۆژنامەنووسە لەلای ئەوانن”.
ئەوەشی خستەڕوو، “دوای سەیرکردنی دۆسییەکانیان بۆمان دەرکەوت هیچکام لەو تۆمەتانەی کە بەهۆیەوە دەستگیرکراون سیاسی و رۆژنامەوانی نین و ئەو هەواڵانەی کە دەڵێت لەلایەن دژەتیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆوە دەستگیرکراون دوورە لە راستییەوە”.
بەرپرسی بۆردی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی دەشڵێت، “کەیسی جەمال عەبدوڵا، کە یەکێکە لە دوو رۆژنامەنووسەکە، دوو بابەتی کۆنە، یەکێکیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2013 و ئەوەی تریشیان پەیوەستە بە کارکردنی لە گۆڤارێکدا، هاوکات کەیسەکەی عیماد بیلال، کە رۆژنامەنووسەکەی دیکەیە، لەسەر خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنە کە ئەویش کێشەیەکی کۆنە”.
جەختی لەوەش کردەوو، “دوای بینین و قسەکردن لەگەڵ هەردوو رۆژنامەنووسەکە، خۆیان دووپاتیانکردەوە کە ئەو کەیسانەی بەهۆیەوە دەستگیرکراون بەهیچ شێوەیەک، نە لە دوور و نە لە نزیک، پەیوەندییان بە بابەتی سیاسی و رۆژنامەوانییەوە نییە”.