جێگری فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگەیاند، ئەوان ئامادەییان دەربڕیووە بۆ هەموو هاوکارییەک تا ببێتە هۆی دۆزینەوەی هێرشکەرانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد.
کیڤن کۆپسی، جێگری فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی فارسی دوێنێ 28ی کانونی یەکەم، ڕایگەیاند، “ئێمە ئامادەیی هەموو هاوکارییەکی ئەمنی و پێدانی زانیاری دروستین بۆ سوپای عێراق تا لە ڕێگەیەوە سەرچاوەی هێرشەکانی سەر باڵیۆخانەی ئەمریکا لە بەغداد بدۆزرێتەوە”.
ئەو بەرپرسە سەربازییەی هاوپەیمانی دژی داعش ئاشکراشیکردووە، “حکومەتی عێراق بە تەواوی بەدوای ئەوەوەیە کە ڕێگری بکات لە هێرشی سەر شوێنە دیبلۆماتییەکان و هاوکاری پێدانی زانیاریشی دەکرێت لەم پرسەدا”.
کیڤن کۆپسی ڕاشیگەیاندووە، “ئەو گروپە چەکداریانەی هێرشدەکەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا هەمیشە بەڵگە و سەرەداوێک جێدەهێڵن لەدوای هێرشەکانیان، لەبەر ئەوە دەتوانرێت سەرەداوی باش بدۆزرێتەوە کە گروپەکان چۆن ئاڕاستەکراون و چۆن بڕیاری هێرشەکەیانداوە”.
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەوە یەکەمجارە کە بەرپرسێکی هاوپەیمانی دژی داعش لە دەرەوەی چوارچێوەی ئیشەکەی خۆی لەبارەی پرسێکی ترەوە قسەبکات، کە دورە لەو خاڵانەوە وڵاتانی هاوپەیمان بۆ دژی داعش لەسەری ڕێککەوتوون.