سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیداری مێری رایدەگەیەنێت، “یەکێتی مێژووییەکی تایبەتی هەیە و پڕە لە تێکۆشان و شەهید، بەزووترین کات دەبێت هەڵبژاردن بکرێت”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنی لە دیداری مێری ئاماژەی بەوەکرد، “دەمانەوێت یەکڕیزی خۆمان بپارێزین و ئامانجی سەرەکیمان خزمەتکردنی خەڵکەی خۆمانە، دەمانەوێت یەکێتی لەسەر بنەمای بەهرە هەنگاو بۆ پێشەوە بنێت و دەیسەلمێنین، دەبێت یەکیتی ببێتە حزبێکی مۆدێرن”.
ئەوەشی خستەڕوو، “بەمنزیکانە بەرنامەکانی خۆمان لە رێگای وەفدەکانمانەوە بۆ حزبەکانی هەرێمی کوردستان روون دەکەینەوە، دەبێت بەیەکەوە خزمەتی کوردستان بکەین لە بەغداد”.
سەبارەت بە پەیوەندیی یەکێتی لەگەڵ تورکیا سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، “کێشەی ئێمە قورسە لەگەڵ تورکیا، ئەوان سێ پاڵەوانی ئێمەیان شەهید کرد، ئێمە دەمانەوێت بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەین بەڵام ئەگەر نەیانەوێت هیچمان پێ ناکرێت، بە مەکینەی شەڕ گفتوگۆ ناکرێت”.
دەشڵێت، “سنوورێکی هاوبەش و پەیوەندییەکی گرنگمان لەگەڵ ئێران و وڵاتانی دیکەش هەیە، وەک چۆن مام جەلال ئەو سیاسەتەی پەیڕەو دەکرد، مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی زۆر بەهێز دەکەین و ئامانجمان ئەوەیە لەگەڵ هەموو لایەنێك پەیوەندیمان باش بێت”.
لە کۆتایی وتەکانیدا لە دیدارەکە، بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە، “بەزووترین کات دەبێت هەڵبژاردن بکرێت و داوای لێبووردن لە خەڵکەکەمان بکەین”.