قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە عەلی رەزا گونەی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێکران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ 28ی تشرینی دووەم لە هەولێر بەڕێوەچوو و مەولود یاکوت کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێم و دابان شەدەڵە جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەیبوون، باسی دۆخی عێراق بە گشتی و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بە تایبەتی کرا. جێگری سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لەڕێی گفتوگۆوە و رایگەیاند، یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان کاریگەری دەبێت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و بە تایبەتیش هەڵبژاردنەکان لە کەرکوک کرا. هەردوولا هیوایان خواست هەڵبژاردنەکان لە کەشێکی ئارام و بێ کێشەدا بەڕێوەبچێت و ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی عێراقدا تەواو ببێت.

سەبارەت بە دۆخی کەرکوکیش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لەم ساڵانەی دواییدا جیاوازی زۆر دەکرێت لەنێوان پێکهاتەکانی ئەو شارەدا و چارەسەر ئەوەیە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لە شێوازی بەڕێوەبردنی شارەکە بگەڕێینەوە بۆ پرەنسیپەکانی سەرۆک مام جەلال، بۆ ئەوەی کەرکوک ببێتە شارێکی نمونەیی بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکاندا و هیچ لایەنێک هەست بە ستەم و نادادپەروەری و پەراوێزخراوی نەکات.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و کێشەی بەشە بودجەی هەرێم کرا.

لەمبارەیەشەوە، جێگری سەرۆک وەزیران هیوایخواست بە زوویی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە. راشیگەیاند پێویستە لەنێوان هەرێم و بەغداد رێککەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەن بکرێت کە تیایدا بەشی زۆری کێشەکانی نێوان هەردوولا چارەسەربکرێت و کێشەی بودجەی هەرێم بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەربکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نوخشە ناسیح بۆ دوکاندارانی دارەسووتاوەکە: هیوادارین حکومەتی هەرێم قەرەبووی زیانەکانتان بکاتەوە

نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە لەبارەی ئاگرەکەی ئەمڕۆ بازاڕی دارەسووتاوەکەی سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەی نوخشە ناسیحدا هاتووە، “بەڕێزان…
زیاتر ببینە

وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی: ئەو نرخانەی دۆلار کە بڵاودەکرێنەوە فەرمی نین

وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی رایدەگەیەنیت، “ئەو نرخەی ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، نرخێکی فەرمی و باوەڕپێکرا نییە”. جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی…
Total
0
Share