دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی سێ کەسی بە تۆمەتی مامەڵەکردن بە کەرەستەی ساختەی مێژوویی ڕاگەیاند.
ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، “بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی و هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان، لە ناحیەی تەکیەی کاکەمەند، دوای چاودێریکردن و کۆکردنەوەی زانیاری، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی، رۆژی 18ی ئەیلول، سێ کەسیان دەستگیرکرد کە هەستابوون بە مامەڵەکردنی چەند پارچەیەکی ساختە لەشێوەی ئاسار”.
ئاماژە بەوەش دەکات، “پارچە شوێنەوارەکان پێکهاتبوون لە 3 بەشی کتێبێکی مێژوویی، کە بەنووسینی عیبری بەهەڵە نووسرابوو، لەگەڵ دوو پارچەی دیکە کە سەرجەمیان ساختە بوون و لەشێوەی ئاساردا دروستکرابوون”.
دەشڵێت، “بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش و بەماددەی 24ی شوێنەوار، ئێستا تۆمەتباران ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە”.