سەندیکای کرێکاران: مەرجەکانی سەلامەتی لە پڕۆژەکان بریتی نییە لە کڵاو و هێلەک

سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکارانی سنووری سلێمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “لەم ساڵدا 19 کرێکار گیانیان لەدەستداوە و جێبەجێکردنی مەرجێک لە مەرجەکانی سەلامەتی نابێتە پێوەر بۆ سەلامەتی تەواوەتی”.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی کە سەر بە لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستانە ئاماژە بەوە دەکات، “دوای ئەوەی دوێنێ لە یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی کرێکارێک گیانیلەدەستدا، ژمارەی ئەو کرێکارانەی لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە لەم ساڵدا گەیشتە 19 کەس، شوێنی پڕۆژەکان بووە بە شوێنی مەرگی کرێکاران”.

سەبارەت بە جێبەجیکردنی رێنماییەکانی سەلامەتی لەلایەن پڕۆژەکانەوە، سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی دەڵێت، “مەرجەکانی سەلامەتی لە پڕۆژەی نیشتەجێبوون، بەتەنها بریتی نییە لە کڵاوێک و هێلەکێک، هەموو پڕۆژەیەک مەرجی سەلامەتی تایبەت بەخۆی هەیە و ناوەندەکانی کارکردنی کرێکاران جیاوازە”.

دەشڵێت، “جێبەجێکردنی مەرجێک لە مەرجەکانی سەلامەتی نابێتە پێوەر بۆ سەلامەتی تەواوەتی لە پڕۆژەکاندا، پێویستە لیژنەی سەندیکای کرێکاران لە پڕۆژەکاندا هەبێت بۆ چاودێریکردنی ئەو پڕۆژانە”.

بابەتی پێشتر

ئاسایشی هەرێم 3 کەسی بەتۆمەتی ساختەکاریی دەستگیرکرد

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی دۆخی عێراق کۆدەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share