لەبەرامبەر لێدوانێکیدا کە وتبووی “یەکێک لە فڕۆکەوانەکانی کارەساتی هەڵەبجە لە ئێستاسا لە شاری هەولێرە”، داوای یاسایی لەسەر پەرلەمانتارێکی پارتی تۆمارکرا.
کاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، “دوای ئەوەی پەرلەمانتاری عێراق مەحما خەلیل لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندبوو “یەکێک لەو فڕۆکەوانانەی هەڵەبجەی بەچەکی کیمیاوی بۆردومان کردووە خۆی و خێزانەکەی لە هەولێر ئازادانە نیشتەجێن، ئەمڕۆ لەگەڵ پەرلەمانتار چرۆ حەمەشەریف نوێنەری هەڵەبجە بە نووسراوی فەرمی داوامان لە داواکاریی گشتیی عێراق کرد، رێوشوێنی یاسایی پێویست بگرێتەبەر”.
ئەو دوو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران لە نووسراوەکەیاندا داوایانکردووە، مەحما خەلیل زانیاری تەواو لەبارەی فڕۆکەوانەکەوە ئاشکرابکرێت تا رێکاری یاسایی لەبەرامبەر بگیرێتە بەر.