قوباد تاڵەبانی: یەكێتی دەبێت ئەو یەكێتییە بێت كە چەندین ساڵە هەموو یەكێتییەكان و كوردستانیان ئاواتی بۆ دەخوازن

قوباد تاڵەبانی ئەندامی نوێی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی كۆتاییهاتنی سەركەوتووانەی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتووە، “پیرۆزبایی لە هەموو هەڤاڵان و تێكۆشەرانی یەكێتی و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و لایەنگران و جەماوەری دڵسۆزی یەكێتی دەكەم وپیرۆزبایی لە هەردوو هەڤاڵی تێكۆشەر، كاك كۆسرەت رەسوڵ و هێرۆ خان دەكەم كە بە حەق لەلایەن كۆنگرەوە وەك سەمبولی باڵای یەكێتی دیاریكران.

هەر لە پەیامەكەی قوباد تاڵەبانیدا هاتووە، پیرۆزبایی لە براو هاوڕێ و سەرۆكم هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی دەكەم كە بەكۆی دەنگ وەك سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڵبژێردرا و پیرۆبایی لەهەڤاڵ و برای تێكۆشەرمان كاك شێخ جەعفەر دەكەم كە وەك بەرپرسی ئەنجومەنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی هەڵبژێردرا.

هەر لە پەیامەكەیدا هاتووە، پیرۆزبایی لە هەموو هەڤاڵانی سەركردایەتیی نوێی یەكێتی دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم لە بەڕێوەبردنی یەكێتی بەو جۆرەی كە لە ئاست چاوەڕوانی ئەندامان و جەماوەری یەكێتی و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا بێت.

دەشڵێت، “دەمەوێت لێرەوە، لەدڵەوە سوپاسی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی پێشوو بكەم، كە پێكەوە قۆناغێكی سەخت و راگوزەرمان تێپەڕاند و جێی خۆیەتی سوپاسی یەك بە یەكی ئەندامانی كۆنگرە بكەم كە لە چەند رۆژی رابردوودا بە شێوەیەكی ئازایانە و بەوپەڕی متمانە بەخۆبوونەوە بەشدارییەكی چڕوپڕ و كەم وێنەیان كرد لە دەوڵەمەندكردنی پەیڕەو پرۆگرام و راپۆرتەكانی كۆنگرە و جارێكی دیكە سەلماندیانەوە یەكێتی حزبی كادرانی پێگەیشتوو و تێگەیشتووە”.

دەشڵێت، “لە ئەمڕۆ بە دواوە یەكێتی دەبێت ئەو یەكێتییە بێت كە چەندین ساڵە هەموو یەكێتییەكان و كوردستانیان ئاواتی بۆ دەخوازن و دەبێت ئەو یەكێتییە بێت كە شایستەی ئەو رووبارە خوێن و فرمێسكە بێت لەپێناویدا رژاوە. دەبێت ئەو یەكێتییە بێت وەكچۆن هیوا و ئومێدی خەڵكی ستەملێكراوی كوردستان بوو، ببێتەوە بە هیوای و ئومێد و پشت و پەنای كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و متمانە بۆ هاوڵاتییان بگەڕێنێتەوە و دەبێت ئەو یەكێتییە بێت سیاسەت و حكومڕانی لە كوردستان و عێراق بخاتەوە سەر راستەڕێی خۆی.

لە پەیامەكەیدا هاتووە، كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو بوو، سەركەوتوو بوو لەوەدا كە خوێنی تازە و گەنجان و ژنانی بە رێژەیەكی باش هێنایە ناوەندی بڕیاردانەوە و بەمەش دەرگای هیوای بەڕووی كادر و ئەندامانی یەكێتیدا كردەوە كە ئەگەر چالاكتربن لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیاندا دەتوانن خۆیان لە بەرزترین ئاستی بڕیاردانی یەكێتیدا ببیننەوە.

سەركەوتوو بوو لەوەدا كە یەكێتییە دڵسۆزەكان پەراوێز ناخرێن و هەموومان پێكەوە بڕیارمانداوە خزمەتكاری هاوڵاتییان بین بێجیاوازی ناوچەیی و ئینتیمای حزبی و ئایینی، سەركەوتوو بوو لە داڕشتنی بناغەیەكی پتەو بۆ سیاسەتی یەكێتی لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق و نێودەوڵەتیدا.

قوباد تاڵەبانی وتیشی، “ئێستا هەمووان چاودێریی هەنگاوەكانی یەكێتی دوای كۆنگرەی پێنج دەكەن، هەربۆیە بەرپرسیارێتیی سەركردایەتیی نوێی یەكێتی لە هەموو كات قورسترە و دەبێت لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵكدابن، دڵنیام یەكێتی لە دوای كۆنگرەی پێنجەوە بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی دەتوانێت لە ئاست چاوەڕوانییەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و ئەندامان و جەماوەری یەكیتیدا بێت،

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد وتیشی، “دڵنیام یەكێتی لەمەودوا بە سەركەوتنی گەورەتر رۆحی سەرۆك مام جەلال و شەهیدەكانمان شاددەكات و سەری كەسوكاری شەهیدان و هەڤاڵان و ئەندامانی یەكێتی بەرزتر دەكاتەوە.

بابەتی پێشتر

تێکڕای پلەی گەرمی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ زیاتربووە لە 30 ساڵی رابردوو

بابەتی دواتر

یەکێتی مامۆستایان داوای مووچەی مانگی 8 و 9 دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share