بڕیارە ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی لە عێراق کۆببێتەوە و لەبارەی چوار دۆسیەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان بڕیاربدات.
بەپێی بەرنامەی دانیشتنەکانی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدراڵی لە عێراق، ئەمڕۆ لەبارەی پێنج دۆسیەی جیاوازەوە کۆدەبێتەوە، دوو لە سکاڵاکان تایبەتن بە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە لەلایەن زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، ئەندامی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە، تیایدا داواکراوە دادگای فیدڕاڵی ماددەکانی 1، 9،15 ، 22 و 36 لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستوری دابنێت کە پەیوەندیدارن بە کورسی کۆتاکان و دانانی ھەرێم بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن.
هەر بەپێی بەرنامەی کۆبوونەوەکان، دۆسیەی سێیەم لەسەر نادەستووری و ھەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە 42ی ساڵی 2004 ی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و داوای ھەڵوەشاندنەوەی دەکرێت، و دۆسیەی چوارەمیش تایبەتە بە ماددەی دوو لە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێم و داواکراوە دادگای فیدڕاڵی ئەو ماددەیە بە تەواوەتی ھەڵبوەشێنێتەوە.
دانیشتنی ژمارە پێنجی دادگاکە تایبەتە بە داوایەکی یاسایی سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری عێراق کە لە دژی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران تۆماریکردووە.