وەزارەتی بازرگانی: 11 ناوچەی گەورەی پیشەسازی لە هەرێم دروست دەكرێن

حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە هەماهەنگیی كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەكان، هەوڵدەدات 11 ناوچەی گەورەی پیشەسازی بوونیاد بنێت.

وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و دەستەی وەبەرهێنان، شوێنی بۆ ناوچە پیشەسازییەكان دابین كردووە.

فەتحی محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە پلانیدایە لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان و لایەنی پەیوەندیدار، هەوڵی دامەزراندن یان پەرەپێدانی 11 ناوچەی پیشەسازی دەدات”.

ئەو 11 ناوچە پیشەسازییە دەرفەتی گەورە دەڕەخسێنن بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان

وتەبێژی بازرگانیی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، “ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی ئەوەی ژێرخانی پیشەسازیی هەرێم قۆناغێكی نوێ بەخۆیەوە ببینێت و بەرهەمی ناوخۆ بگاتە ئاستێكی زۆر بەرز”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەو 11 ناوچە پیشەسازییە دەرفەتی گەورە دەڕەخسێنن بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان، دەرفەتێكی گەورەش دەبێت بۆ وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەیەكی”.

سەبارەت بەو لایەنەی ئەركی دروستكردنی ئەو ناوچە پیشەسازییانەی لە ئەستۆ دەبێت، وتەبێژەكەی بازرگانیی هەرێم ڕایگەیاند، “كەرتی تایبەت دروستیان دەكات و پەرەی پێدەدات، بەڵام بە سەرپەرشتیی حكومەت، دەتوانین بڵێین هاوبەشن لەنێوان كەرتی تایبەت و حكومەت”.

“تا ئێستا چەند لایەنێك گرنگییان بە باتەكە داوە، لایەنی بیانی وەك وڵاتانی ئیمارات و ئوردن، بەڵام وەبەرهێنەرانی ناوخۆ زیاتر گرنگی بەو بابەتە دەدەن”، وەك فەتحی محەمەد وتی.

پێویستە ئەو ناوچە پیشەسازییانە لە دەرەوەی شارەكان بن

ئاشكراشیكرد، “لە هەرێمی كوردستان 3 هەزار و 566 كارگە و كۆمپانیا هەن، لە لیستی كۆمپانیا بیانییەكانیشدا توركیا بە زیاتر لە هەزار و 600 كۆمپانیا و كارگە لە پلەی یەكەمدا دێت و دواتر ئێران و لە پلەی سێیەمیش ئیمارات دێت، لەڕووی وەبەرهێنانیشەوە توركیا زۆرترین وەبەرهێنانی لە هەرێمی كوردستان كردووە”.

لەبارەی دابەشبوونی ناوچەیی ئەو پرۆژانە، وتەبێژی بازرگانیی هەرێم وتی، “بەپێی ڕێككەوتنی نێوان وەزارەتی بارزگانی و وەزارەتی شارەوانی و دەستەی وەبەرهێنان، پێویستە ئەو ناوچە پیشەسازییانە لە دەرەوەی شارەكان بن و نزیك نەبن لە شوێنی نیشتەجێبوون و پابەندی ڕێنماییە ژینگەییەكان بن و نەبنە هۆی پیسبوونی ئاووهەوا”.

ئەوەشی خستەڕوو، “لە پارێزگای هەولێر سێ ناوچە دروست دەكرێت و لە سلێمانی چوار و لە دهۆك و هەڵەبجە و گەرمیانیش چەند ناوچەیەك دروست دەكرێن”.

بابەتی پێشتر

شەڕە زلە .. یارییەكی سەیر و دەگمەن

بابەتی دواتر

خشتەی موچە بڵاوكرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سبەینێ پشووی رەسمییە

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، سبەینێ لە هەرێمی کوردستان پشووی رەسمییە. فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم لە…
Total
0
Share