بە سەرپەرشتیی ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی دابان شەدەڵە جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
شاناز بدران بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی لە شوێنی علی ڕووف دەستبەكار بوو، لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا ئاڵوگۆڕكردنی پۆستەكە بەڕێوەچوو بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی و بەش و هۆبەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی.
ئەمەل جەلال لە وتەیەكدا ئاماژەی بەوەكرد، گەشتوگوزار بۆ هەرێمی كوردستان و شاری سلێمانی زۆر گرنگە، وەك چۆن لەم ساڵانەی دواییدا بەرەوپێشچوونی گەورەی بەخۆوە بینیووە، لە داهاتوودا فراوانتر دەبێت، پێویستە بە دڵسۆزی و بە ئەمەكەوە كار لە سێكتەری گەشتوگوزار بكرێت،
ئەم گۆڕانكارییە درێژەپێدەری ئەو خزمەتانە دەبێت كە لە ڕابردوودا كراوە و توانراوە سەرنجی گەشتیاران بخرێتە سەر شوێنە گەشتیارییەكانی شاری سلێمانی.