ئەمڕۆ شەممە بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان مەكتەبی سیاسی كۆبووەوە.
كۆبوونەوەكە كە لە دەباشان بەڕێوەچوو، گفتوگۆی تێروتەسەلی كرد لەسەر دوا پێشهاتەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكە، بە تایبەت پرسی مووچە و گوزەرانی هاوڵاتییان كوردستان و دوا كۆششەكانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەردانیكردنی بەغداد و دیدارەكانی لەگەڵ حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی عێراقدا.
مەكتەبی سیاسی لەسەر ئەم پرسە هەڵوەستەی كرد و تەئكیدیكردووەتەوە ئەولەویەتی ئەم قۆناغە دەبێت بۆ مووچە و ژیانی هاوڵاتییان بێت و بۆ ئەم مەبەستەش گرنگە رۆڵ و هەوڵەكانی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم و بەغداد بەو ئاڕاستەیە بێت.
بەشێكی تری كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە تاوتوێكردنی سەردانی شاندی یەكێتیی بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران و دیدارەكانی بۆ پێشخستنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران. سەرەئەنجام كۆبوونەوە سەردانەكە و پەیوەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكانی یەكێتی لەو نێوەندەدا بە ئیجابی و بوونیادنەرانە هەڵسەنگاند لە بەرژەوەندیی كوردستان و عێراق.
هەر لەمیانی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیدا لەسەر دوا ئامادەكارییەكانی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گفتوگۆكراو دووپات لەسەر پەسەندكردنی رێوشوێنە پەیڕەوكراوەكان بەرەو كۆنگرەیەكی سەركەوتووی یەكێتییانە لە 27ی 9ی 2023 كرایەوە.