بە تۆمەتی بردنی ملیاران دۆلارە
سكاڵا لەسەر ئاشتی هەورامی و كۆمپانیای كار تۆماركرا

پەرلەمانتارێكی كورد رایدەگەیەنێت، لەسەر بردنی ملیاران دۆلاری کێڵگەی هاڤانا و بای حەسەن و کەرکوک لە داواكاری گشتیی عێراق سکاڵای لەسەر ئاشتی هەورامی و کۆمپانیای کار تۆمارکردووە.

سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق رایگەیاند، حکومەتی هەرێم و وەزارەت و وەزیری سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیای کار چەندین کێڵگەی نەوتی عێراقیان دەست بەسەرداگرتووە و نەوتەکەیان فرۆشتووە و پارەکەشیان بردووە و بۆ وەزارەتی دارایی و مووچە و پرۆژە و خەڵکی کوردستانیان خەرج نەکردووە.

دەشڵێت، لەڕێی داواکاری گشتیی عێراقەوە داوای جوڵاندنی سکاڵای نوێ لەسەر حکومەتی هەرێم و ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیای کار و، داوای ئەنجامی دوو سکاڵا کۆنەکەی سەر وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەکات.

لە سكاڵاكەدا هاتووە، لە ساڵی 2010ەوە کێڵگەی نەوتی خورمەڵەیان دەستبەسەرداگرتووە کە هی عێراق بووە، لە ساڵی 2014 تا 2017 دەستیان بەسەر نەوتی کێڵگەکانی (بای حەسەن، هاڤانا، جمبور، خەباز و بابەگوڕگوڕ)دا گرتووە و نەوتەکەیان فرۆشتووە و داهاتەکەشی دیارنییە، وەك ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی پێداوە.

ئەوەش دەخاتەڕوو، جگە لەوە کێڵگەی کۆرۆمۆری داناغاز، عێراق داوایدەکاتەوە وەک خورمەڵە هی هەرێم نیە.

دەقی سكاڵاكە:

بۆ بەڕێز/ سەرۆکی داواکاری گشتیی عێراق
بابەت / سکاڵا لەسەر وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

بەپێی نوسراوی ژمارە (د 3/علاقات/ ش لە 2023/4/3)ی وەزارەتی نەوتی عێراق کە بە نوسراوی ژمارە (ع/85/2- 1/88227 لە 2023/2/26)ی کۆمپانیای نەوتی باکووری هاوپێچە، دەربارەی داهاتی نەوتی کەرکوک لە ساڵی 2014-2017 و کێڵگە نەوتییەکانی هاڤانا و بای حەسەن و باباگورگور و جمبور و خەباز و کۆرۆمۆر و خورمەڵە.

1- ەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم بەناوی (عبدالله عبدالرحمن عبدالله) ناسراو بە (ئاشتی هەورامی) و حکومەتی هەرێم لە 2010/9/24 دەستیان گرتووە بەسەر کێڵگەی نەوتی خورمەڵە و لەڕێی (کۆمپانیای کار)ەوە نەوتی ئەو کێڵگەیان فرۆشتووە بەبێ ئەوەی کۆمپانیای کار هیچ گرێبەستێکی هەبووبێت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای نەوتی باکوور.

2- لە 2019/4/24ەوە لە پۆلیسی نەوت لە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرکوک کۆمپانیای نەوتی باکوور سکاڵا لەسەر وەزیری سامانە سروشتییەکان تۆمارکراوە، بەڵام تاکو ئێستە هیچ رێکارێکی یاسایی دەرهەق بەو وەزیرە نەگیراوەتەبەر.
لەکاتێکدا گەورەترین کێڵگەی نەوتیان دەستبەسەردا گرتووە و نەوتەکەیان فرۆشتووە و داهاتەکەی لە هەرێمی کوردستان دیارنییە.

3- لە 2021/4/12 سکاڵایەکی دیکەی لەسەر تۆمارکراوە لە دادگای بەرایی کەرکوک لەسەر تەجاوەزکردنەسەر کێڵگەی خورمەڵە و کۆرۆمۆر.
ئەم دادگایە گوازراوەتەوە بۆ دادگای تایبەتمەندی بازرگانی لە رصافە لە بەغداد.

4- پێویستە سکاڵا لەسەر (کۆمپانیای کار) تۆماربکرێت لەسەر کارکردن لە کێڵگەی خورمەڵە بەبێ هیچ گرێبەستێک داهاتی ئەو کێڵگانەی بردووە.

دەربارەی کێڵگە نەوتیەکانی کەرکوک (بابە گورگوڕ، هاڤانا بای حەسەن و جمبور)
کێڵگەی نەوتی هاڤانا و بای حەسەن لە 2014/7/11 تا 2017/7/16 لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم دەستی بەسەرداگیراوە و بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای کار نەوتەکەیان فرۆشتووە!

داواکارم لە بەڕێزتان بەپێی ئەو دەسەڵاتەی بە یاسا پێتاندراوە سکاڵا لەسەر ئاشتی هەورامی (عبداللە عبدالرحمان عبداللە) وەزیری سامانە سروشتییەکان و حکومەتی هەرێم بجوڵێنن لەسەر داهاتی براوی نەوتی ئەو کێڵگانە کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ ئەو کارەیان ئەنجامداوە، هەروەها سکاڵا بجوڵێنن لەسەر کۆمپانیای کار کە بەبێ هیچ گرێبەستێک نەوتی ئەو کێڵگانەی فرۆشتووە. هیچ لەو داهاتانەش نەگەڕێنراوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم.

داواکارم لە بەڕێزتان رێکاری یاساییان بەرامبەر بگرنەبەر و لە ئەنجامەکەی ئاگادارمان بکەنەوە.

بابەتی پێشتر

ناپۆلی چەندی ماوە بۆ بەرزکردنەوەی "سکۆدیتۆ"؟

بابەتی دواتر

"مۆ" ماڵئاوایی دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

داعش هێرشیكردە سەر داقوق

چەكدارانی داعش له‌ سنووری قه‌زای داقوق هێرشیانكرده‌ سەر لیوای 20ی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق، بە هۆیەوە سێ ئەندامی پۆلیس…
Total
0
Share