پەرلەمانتارێک: سکاڵا تۆمارکردن بۆ رێگریکردن لە ناردنی قەرز بۆ هەرێم تەنها موزایەدەیە

بڕیارە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە بۆ بڕیاردان لەبارەی ناردنی پارە بەشێوەی قەرز بۆ هەرێمی کوردستان، پەرلەمانتارێکی عێراقی دەڵێت لەوبارەیەوە سکاڵا تۆماردەکەم و رێگری لێدەکەم، ئەندام پەرلەمانێکی کوردیش لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، “ئەوە تەنها موزایەدەیە”.

مستەفا سەنەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دوای رێککەوتنی شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ پێدانی قەرز بە هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رایگەیاند، لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆماردەکەم و رێگری لە پێدانی قەرز دەکەم بە هەرێمی کوردستان”.

پەرلەمانتارەکە دەڵێت، “ئەو بڕیارە لەدەرەوەی یاسای بودجەیە و سکاڵا لەسەر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تۆماردەکەم”.

لەوبارەیەوە کاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراقی بۆ راکێشانی هەست و سۆزی هاوڵاتییان و شەقامی خۆیان ئەم جۆرە بانگەشانە دەکەن، بەتایبەتی ئێستا نزیکین لە هەڵبژاردنەکانەوە”.

باسی لەوەکرد، “هەر ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت سکاڵا لەوبارەیەوە تۆمار بکات لە دادگای فیدراڵی و ئەوە بابەتێکی ئاساییە، بەڵام پێدانی قەرز بە هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، تەواو یاسایی و دەستوورییە بۆیە کەس ناتوانێت رێگری لێبکات”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ئەو پارەیە بە قەرز رەوانە دەکرێت تاوەکو ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی پشکی هەرێمەوە دەگەنە رێککەوتن، دواتر ئەو قەرزانە پاکتاو دەکرێت.

لە دوو رۆژی رابردوودا شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق گەیشتنە رێککەوتن لەبارەی ناردنی بڕی 800 ملیار دیناری عێراقی بەشێوەی مانگانە وەک قەرز، ئەوەش پێویستی بەوەیە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە بڕیارە سبەینێ یەکشەممە کۆببێتەوە پەسەند بکرێت و بڕیاری لەبارەوە بدرێت.

بابەتی پێشتر

ئیتاڵیا رێوشوێنی بەپەلە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی دەگرێتەبەر

بابەتی دواتر

ناوچە سنوورییەكانی هەولێر لەلایەن پاسەوانی سنووری عێراقەوە كۆنتڕۆڵكرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بارانبارین دەستپێدەكاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم رایدەگەیەنێت، سبەی ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت لە تەواوی ناوچەكەمان و لە كاتەكانی…
Total
0
Share