فڕۆكەوانیی مەدەنی عێراق یاداشتێكی لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەكەیدا واژووكرد بۆ پەرەپێدانی جوڵەی ئاسمانی نێوان هەردوو وڵات.
عیماد عەبدولرەزاق، سەرۆكی دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنی رایگەیاند، لەگەڵ لایەنی ئەڵمانیدا تاوتوێی رەشنووسی رێككەوتنێكیان لەبواری خزمەتگوزاریی گواستنەوەی ئاسمانی كردووە بە مەبەستی نوێكردنەوەی ئەو رێككەوتنەی پێشتر لە ساڵی 1977دا لەنێوان هەردوو وڵات واژووكراوە.
لەمیانەیدا یاداشتێكی جێبەجێكردن واژووكراوە بۆ پەرەپێدانی جموجوڵی گەشتی ئاسمانیی نێوان هەردوو وڵات كە ببێتە مایەی خزمەت بۆ فڕۆكەخانەكانی ئێستای عێراق، وەك ئەوەی عەبدولڕەزاق ئاماژەی پێدا.
ئەوەشی خستەڕوو، هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی ئەڵمانیدا دەبێتەهۆی سوودوەرگرتن لە سەرجەم شارەزایی و تواناكانی پەرەپێدانی گەشتی ئاسمانی لە بەرژەوەندیی عێراق.