ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ئەزموونی دوور و درێژی هەیە لە دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بە تایبەت پرسی مووچە و بودجە و دەشڵێت، “بەبێ یەكێتی كێشەكان لە بەغداد چارەسەرناكرێن و بڕیاریان لێنادرێت”.
شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، یەكێتی و پارتی هەردووكیان لە حكومەتی هەرێم هاوبەشن و لە هاوپەیمانیی ئیدارەدانی دەوڵەت بەشدارن، پێویستە هەر شاندێك كە دەچێتە بەغداد گوزارشتی لایەنە بەشداربووەكانی كابینەی نۆیەم بكات.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، سبەی كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران دەچێتە بەغداد ئەزموونی دوور و درێژی لە دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بە تایبەت پرسی بودجە و مووچە هەیە و هەنگاوێكی زۆر باشە، چونكە بەبێ یەكێتی هەر هەنگاوێك بنێرێت كێشەكان چارەسەر نابێت و ئەزموونی پێشووش سەلماندوویانە.
شیروان میرزا، جەختیكردەوە، “بەبێ یەكێتی كێشەكان لە بەغداد چارەسەرناكرێن و بڕیاریان لێنادرێت، بە تایبەت پرسی مووچە، جگەلەوەش یەكێتی هەموو هەوڵێك دەدات كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەربكات”.