ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە: پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ رەوشی كەركوك بكرێت

لیوا روكن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، تێكچوونی بارودۆخی كەركوك پێكدادانی پێكھاتەكانی لێدەكەوێتەوە، بە تایبەت كە بەشێك لە لایەنە سیاسی و سەربازییەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای خۆیان، ھەوڵی بەكارھێنانی خەڵك و لایەنگری خۆیان دەدەن و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكاریان دەھێینن.

دەقی پەیامەكەی لیوا روكن بەختیار محەمەد سدیق ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە:

ئارامی و پێكەوە ژیان و ئاوەدانی كەركوك واتە ئارامی و پێكەوە ژیان و ئاوەدانی عێراق

ئاشكرایە تێكچونی ئارامی و سەقامگیری ھەرشارێك كاریگەری لەسەر تەواوی شارەكانی تری وڵات دەبێت و كارادانەوەی جیاوازی لایەنە سیاسیەكانی لێدەكەوێتەوە، جگە لەوانەش رێگا بۆ ھەندێكی وڵاتی جیھان و ئەجندای دەرەكی خۆش دەكات بەجۆرێك لە جۆرەكان دەستێوەردان لەو شارەبكەن و كێشەكان قولتر بكەنەوە.

ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوو بینیمان لە شاری كەركوك كە شاری پێكەوەژیانی نەتەوەو ئاین و مەزھەبە جیاوازەكانە، ھەروەك سەرۆك مام جەلال كەركوكی بە چەپكە گوڵەكە وەسفی كردووە، پێویستە بەوریاییەوە مامەلەی لەگەڵ بكرێت، چونكە تێكچوونی بارودۆخی شارێكی وەك كەركوك پێكدادانی بەشێك لە پێكھاتەكانی لێدەكەوەێتەوە، بەتایبەتی لەم بارودۆخە بەشێك لەلایەنە سیاسی و سەربازییەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەجندای خۆیان، ھەوڵی بەكارھێنانی خەڵك و لایەنگری خۆیان دەدەن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاریان دەھێینن.

پیلان و ھەوڵی لەو جۆرە جگە لە زیان گەیاندن بە خەڵكی كەركوك و نانەوەی دووبەرەكی لەنێوان پێكھاتەكان و شەھید بوونی رۆڵەكانی ھیچ ئەنجامێكی نابێت، بەڵكو پێویستە بەرەچاوكردنی بەرژەوەندی گشتی و پاراستی ئارامی بۆ شارەكە كێشەكان بەئاشتی و لەسەر بنەمای پێكەوەژیان چارەسەر بكرێت، ھەروەك چۆن لە دەستوری عیراق و لەماددەی ١٤٠ رێگای چارەی بۆ كەركوك و تەواوی ناوچە دابڕاوەكان داناوە، پێویستە كار بۆ جێبەجێكردنی قۆناغەكانی ئەو ماددەیە بكرێت و شارەكە دوور بخرێتەوە لە ململانێی و بەكارھێنانی ھەست و سۆزی خەڵكەكەی لەپێناو بەدەستھێنانی دەستكەوتی حزبی.

ھەر لەبارەی كەركوك و ئەو بارودۆخەی لەماوەی رابردوو بەسەری ھات پێویستە حكومەتی عیراقی فیدراڵ رێگای راست و دروست بگرێتەبەرو بەیەكسانی سەیری پێكھاتەكان بكات، چونكە تێكچونی ئارامی و سەقامگیری شارێكی وەك كەركوك، دەبێتە ھۆی تێكچوونی پێكەوەژیان لەو شارەو نائارامی لەتەواوی وڵات، بۆیە پێویستە رێگا لە دووبارەبوونەوەی رووداوی لەو جۆرە بگیرێت و پێكھاتەیەك بەسەر پێكھاتەیەكی تر فەرز نەكرێت كە ئەنجامێكی نەخوازراوی لێبكەوێتەوە.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی باڵای فەتوا: رێككەوتنی پزیشك و دەرمانخانەكان لەسەر حسابی نەخۆش دروست نییە

بابەتی دواتر

فازڵ نەبی: حكومەتی هەرێم بە قەرزەكە رازی بێت دەتوانێت هەفتەی داهاتوو 500 ملیار دینارەكە وەربگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share