وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم وادەی كاراكردنی زانكۆلاین-ی ئاشكراكرد و دەڵێت، بۆ ماوەی هەشت رۆژ دەبێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم رایگەیاند، پڕۆسهی پێشکەشکردن بۆ وهرگرتنی دهرچووانی دوانزهی ئامادهیی له زانكۆكانی هەرێمی كوردستان کاتژمێر ٨ى بەیانی سبەی سێشەممە 5ی ئەیلول دەستپێدەكات و، بۆ ماوەى هەشت رۆژ و تا 12ی ئەیلول کارادەبێت.
دهرچووان لەو ماوەیەدا دهتوانن فۆڕمی وهرگرتن له زانكۆ و پهیمانگهكان پڕبكهنهوە و پێشكهشی بكهن، ههروهك دهرچووان دهبێت سەردانی خوێندنگەکانی خۆیان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنەوەی ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (Username)و (Password)، وەك ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی پێداوە.
دەشڵێت، بۆ بهرچاوڕوونی زیاترى دهرچووانی پۆلی دوانزه و ئاشنابوونیان به سیستمهكانی وهرگرتن (زانكۆلاین، پارالێل و ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتى (www.regayzanko.com) بکەن و رێبەرى وەرگرتن بە ووردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆڕمەکانیان، هەروەها دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى راوێژکاریى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى روونكردنهوهی پێویست لهسهر چۆنیهتیی پڕكردنهوهی فۆرمی وهرگرتن به سیستمه جیاوازهكانیەوە.
وەزارەتەكە روونیشیدەكاتەوە، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ریزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە رەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار، بۆیە پێویستە بە وردی ریزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزوو دەکەن خوێندنی تێدا تەواوبکەن، هەروەها پێویستیشە دەرچووانى پۆلى دوانزە لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین دەستبکەن بە پێشکەشکردن و کارەکانیان دوانەخەن بۆ کۆتا رۆژەکانی زانکۆلاین.
سەبارەت بە دەرچووانی ئامادەیى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان وەزارەتى خوێندنى باڵا ئاشکرایكرد، دواى دوو رۆژى دیكە سیستمى زانکۆلاین بۆ دەرچووانى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان کارادەبێت، هاوکات دەرچووانى ساڵانى (2015) تا (2022) ئەگەر نیازی فۆرم پێشکەشکردنیان هەیە بۆ سیستەمەکانی خوێندنی پارالێل و ئێواران ئەوا بە هەمان ئەو پاسۆرد و یوزەرنەیمانەى کە پێشتر وەریانگرتووە دەتوانن فۆرم پێشکەش بکەن. دەرچووانی پێش ساڵی 2015ش دەتوانن بڕوانامەکانییان بە پەسەندکراوی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگاکانییان بنێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزمونەکان لە وەزارەتی پەروەردە و هەر لەوێش یوزەرنەیم و پاسوۆردیان پێدەدرێت.