بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی لەبارەی دۆخی كەركوكەوە بڵاوكردەوە و رایگەیاند، رووداو و پێشهاتە نەخوازراوەكانی كەركوك و شەهیدبوونی گەنجێكی كورد و برینداربوونی چەندانی تریش، مایەی نیگەرانیی قووڵمانە،وێڕای ئەوەی بە توندی ئیدانەی هەموو هەوڵ و مەرامێكی تێكدەرانە دەكەین بۆ تێكدانی برایەتی و پێكەوەژیان لە كەركوك، دەشبێت بە زووترین كات تاوانبارانی شەهیدكردن و برینداركردنی رۆڵەكانمان دەستگیربكرێن و رووبەڕووی دادگا بكرێنەوە.
لە پەیامەكەی سەرۆكی یەكێتیدا هاتووە، “كەركوكییە سەربەرزەكان ئێوە شایەنی رێزی بێسنوور و خزمەتكردنێكی بەرچاون نەك بەكارهێنانتان بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە سیاسییەكان و بكرێنە قوربانیی بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتە تایبەتەكان، ئێمە جگەلەوەی بەتوندی دژی ئەم سیاسەتە چەوت و ناڕەوایە دەوەستینەوە، بەهیچ شێوەیەكیش قبووڵ ناكەین خوێنی گەنجەكانمان بڕژێت و لەژێر ناوی هەستی نەتەوایەتیدا یاری بە چارەنووس و ژیانیانەوە بكرێت”.
لە پەیامەكەی سەرۆك بافڵدا هاتووە، داواكارم هەموو لایەنەپەیوەندیدارەكان بە تایبەت حكومەتی عێراق بەزووترین كات رێگری لە رژانی خوێنی زیاتربكات و كۆتایی بەم دۆخە بهێنێت هەروەها هۆشداری دەدەین لەزووترین كاتدا دۆخی كەركوك ئاساییبكرێتەوە، بەردەوامبوونی دۆخەكە بەمشێوەیە قابیلی قبووڵ نییە، بۆیە داواكارین هەمووان بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن و رێگری لە دروستبوونی فیتنە و دووبەرەكی بكەن و دەبێت هەمووان هاوكار و هەماهەنگبن بۆ كۆتاییهێنان بەو دۆخە و پارێزگاری لە ئاشتی و برایەتیی نێوان هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانی كەركوك بكرێت”.
لە كۆتایی پەیامەكەی سەرۆكی یەكێتیدا هاتووە، “رۆحی شەهید هاوكار شادبێت و هاوخەمیی خانەوادە سەربەرزەكەیم لە خوای گەورە داواكارم سەبووری بە هەموولایەك ببەخشێت و شیفای بریندارەكان بدات”.