وتەبێژی بازاڕی دراوی شاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، تائێستا ئەو بڕیارەی لەلایەن بانكی بازرگانیی عێراقییەوە دەركراوە و تایبەتە بە پێدانی دۆلار بە بازرگانانی بچووك و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو بە نرخی فەرمی لە هەرێمی كوردستان كاری پێنەكراوە كە ئەوەش پەیوەندیی بە رێككەوتنی سیاسیی هەرێمی كوردستان و بابەتی داهاتەكانەوە هەیە.
جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دراوی شاری سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەپێی بڕیارەكەی بانكی بازرگانیی عێراق دەبێت دۆلار بە نرخی فەرمی بدرێتە بازرگانانی بچووك و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو، بەڵام تائێستا ئەو بڕیارە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێنەكراوە، لە كاتێكدا هەرێم بەشێكە لە عێراق و زۆرینەی ئەو كەلوپەل و كاڵایانەی هاوردەدەكرێن لە هەرێمی كوردستان و لەلایەن بازرگانانی بچووكەوەیە، بەڵام تائێستا هەرێم لەو بڕیارە سوودمەندنەبووە كە ئەوەش وادەكات بەهای دۆلار بەرزبوونەوە بەخۆوە ببینێت.
بە بڕوای جەبار گۆران، جێبەجێنەكردنی بڕیارەكە پەیوەندیی بە رێككەوتنە سیاسییەكان و پرسی داهاتەكانەوە هەیە.