وەزیری خوێندنی باڵا: زۆرترین دەرفەتی خوێندن دەرەخسێنین

وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەمساڵیش وەک ساڵانى پێشوو زۆرترین دەرفەتى خوێندنى گشتى بۆ کوڕان و کچان دەڕەخسێنین.

ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە مێژووى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان لەماوەى ساڵانى رابردوو، توانییان زۆرترین رێژەى پلانى وەرگرتن بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان تەرخان بکەن و هەلى گونجاوى خوێندن لە زانکۆ حکومییەکان بۆ دەرچووان بڕەخسێنن.

دووپاتیشیكردەوە، وەزارەتى خوێندنى باڵا بە رەچاوکردنى کوالێتیى خوێندن و لە چێوەى جێبەجێکردنى پلانێکى تۆکمە، ئەمساڵیش کار بۆ وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەکات.

لەبارەى پرسى دارایى و بارودۆخى خوێندکارانیش، ئارام محەمەد قادر روونیكردەوە، بەهۆى داشکان لە کرێى خوێندن ساڵانە دەیان ملیار دینار بۆ خانەوادەى خوێندکاران گەڕێنراوەتەوە، ئەمەش لەو پێناوەى پارە نەبێتە رێگر لە بەردەم بە دیهێنانى خەون و خولیاکانى گەنجانمان، بەڵێنیش دەدەین بە هەمان سیاسەت و ستراتیژ بەردەوام دەبین بۆ خزمەتکردن بە رۆڵەکانى وڵاتى خۆمان، بۆیە وەک ساڵانى پێشوو رێگەنادەین پرسى دارایى ببێتە هۆکار بۆ لەبارچونى خەونى لاوەکانمان.

ئەو وتانەی وەزیری خوێندنی باڵا لەمیانەی كۆبوونەوەیەكیدا بوو لەگەڵ بەڕێوەبەرى تۆمارى سەرجەم زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان كە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرى گشتیى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن بەڕێوەچوو تایبەت بە پلان و ئامادەکارییەکانى وەزارەت سەبارەت بە وەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیان بۆ ساڵى خوێندنى (2023/ 2024).

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ كونسوڵی نوێی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە

بابەتی دواتر

بەهای دۆلار بەرزبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share