قوباد تاڵەبانی لەگەڵ كونسوڵی نوێی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە مارك سترۆ كونسوڵی گشتیی نوێی ئەمریكا لە هەرێم و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند بابەتی جێگەی بایەخی هەردوولا تاوتوێكران.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوارشەمە لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا دابان شەدەڵە جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم ئامادەیبوو، قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی دەستبەكاربوونییەوە وەك كونسوڵی نوێی ئەمریكا لە هەرێم، پیرۆزبایی لە مارك سترۆكرد و هیوای خواست لە ماوەی ئەركەكەیدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئەمریكا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

لە تەوەرێكی كۆبوونەوەكەدا باسی دۆخی ئازادیی رادەربڕین و بواری رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان و عێراق كرا و هەردوولا هاوڕابوون كە نەك هەر نابێت هەرێمی كوردستان لە رووی ئازادیی رادەربڕین و بواری رۆژنامەگەرییەوە پاشەكشە بكات، بەڵكو دەبێت پەیوەندییەكی تەندروست و پیشەییانەتر لە نێوان دەسەڵاتی سیاسی و میدیادا هەبێت و پەرەیپێبدرێت.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی دۆخی چالاكوانان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كرا. لەمبارەیەشەوە جەختكرایەوە لەسەر پێویستیی هاوكاریكردنی زیاتری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە هەموو شاروشارۆچكەكانی هەرێم.

لە تەوەرێكی دیكەدا گفتوگۆكرا لەسەر چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی جەختیكردەوە لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی پڕۆسەی چاكسازی و دوورخستنەوەی وەزارەتەكە لە ناكۆكی و ململانێ سیاسییەكان.

بابەتی پێشتر

شەقامێکی 30 مەتری لە کەلار قیرتاو دەکرێت

بابەتی دواتر

وەزیری خوێندنی باڵا: زۆرترین دەرفەتی خوێندن دەرەخسێنین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share