بەریتانیا داوادەكات هەرێم هاوكاربێت لە نەهێشتنی كۆچی نایاسایی

وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری ئاسایش داوا لە جێگری سەرۆك وەزیران دەكات حكومەتی هەرێم هاوكاربێت بۆ نەهێشتنی كۆچی نایاسایی و بنەبڕكردنی تاوانی رێكخراو.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە تۆم توگێندهات، وه‌زيرى ده‌وڵه‌تى به‌ريتانيا بۆ كاروبارى ئاسايش.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ 23ی ئاب لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا هەریەکە لە دابان شەدەڵە، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و رۆزی کەیڤ، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا ئامادەی بوون، بە گرنگییەوە باس لە پێویستیی پاراستنی یەکڕیزی ناوماڵی کورد کرا.

هەردوولا هاوڕابوون پاراستنی یەکڕیزیی ناوماڵی کورد لەلایەکەوە کاریگەری هەیە لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری سیاسی هەرێم و عێراق و تەنانەت ناوچەکەش، بەوپێیەی هێشتا مەترسی تیرۆر و گروپە تیرۆریستییەکان لە ئارادایە. لەلایەکی دیکەشەوە کاریگەری هەیە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و، بە پاراستنی یەکڕیزی ناوماڵی کورد باشتر دەتوانرێت کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەربکرێن و پێگەی کورد لە بەغداد بەهێزتر دەکات.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی کێشەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە و پرۆسەی چاکسازییەکانی ناو وەزارەت کرا. لەمبارەیەوە وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسایش جەختی لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو وەزارەت کرد، چونکە بەردەوامی کێشەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری هەرێم و عێراق دادەنێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەشدا تاوتوێی چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی و تاوانی رێکخراو و لەناویشیاندا ماددەی هۆشبەر کرا. وەفدەکەی بەریتانیا داوایکرد حکومەتی هەرێم زیاتر هاوکاربێت بۆ بنەبڕکردنی تاوانی رێکخراو و بەرەنگاربوونەوەی باندەکانی ماددەی هۆشبەر و نەهێشتنی کۆچی نایاسایی.

هەر سەبارەت بە پرسی کۆچی نایاسایی، جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، ئەم بابەتە پێویستی بە هەماهەنگی و پێکەوەکارکردنی زیاتر هەیە و وتیشی، “یەکێک لە چارەسەرەکان بۆ کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی ئەوەیە کە بەریتانیا و وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانیان بدەن بێنە هەرێمی کوردستان و هەروەها زیاتر هاوکار و بەشداربن لە گەشەپێدانی ئابوریی هەرێم”.

بابەتی پێشتر

نوێترین لێدوانی ئەنچیلۆتی

بابەتی دواتر

کیم جۆنگ ئون بۆ حكومەتی وڵاتەكەی: بێ کەڵکینە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share