بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاشکرایکرد کە دوێنێ لە سنووری سلێمانی ئاگرێک کەوتووەتەوە و تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار دۆنم دارستانی سروشتی سووتاون.
لە راگەیەندراوی پۆلیسی دارستانی سلێمانیدا هاتووە، ئاگرەکە دوێنێ سێشەممە بەهۆی هەورە بروسکەوە کەوتووەتەوە و پێنج گوندی سنووری ناحیەی گەرمکی گرتووەتەوە.
ئەو گوندانەی ئاگر سنوورەکەیانی گرتووەتەوە بریتیین لە، “شێرە، میشاو، نەرمەڵاس، بایەڵان، سریسان”، تائێستا زیاتر لە سێ هەزار دۆنم دارستانی سروشتی و پووش و پاوان سووتاون.
ئاماژە بەوەش دەکات، “لەپێناو کوژاندنەوەی ئاگرەکە مەفرەزەیەكی بنکەی پۆلیسی دارستانی گەرمك و بنکەی ناڵپارێز گەیشتنە شوێنی دیاریکراو. بەڵام بەهۆی سەختی شوێنێکە کۆنترۆڵ کردنی ئاگرەکە سەخت بوو، دواتر بە هاوکاریی هاوڵاتییانی سنورەکە توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن”.