بافڵ جەلال تاڵەبانی: نابێت ناکۆکییەكان زیان لە کوردستانیبوونی کەرکوک بدات

سەرۆكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، تەبایی و پێکەوەژیان لە کەرکوک مێژوویەکی درێژی هەیە و دەشڵێت، نابێت ناکۆکی و جیاوازییەکان زیان لە کوردستانیبوونی شارەكە بدات.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە كەركوك لەگەڵ ژمارەیەک گەنج، هونەرمەند و وەرزشوانی شارەکە کۆبووەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەکە دەربڕی و رایگەیاند، توانا و لێهاتوویی گەنجانی کەرکوک لای یەکێتی شتێکی نوێ نییە، بەڵکو لەمێژە بڕوای تەواومان بە شارەزایی و کارامەیی ئێوە هەبووە و ویستوومانە بەشێکی گرنگبین لە پێشخستنی کایەکانی ژیان و فەراهەمکردنی ژیانێکی سەقامگیرتر بۆ ئێوەی خۆشەویست.

وتیشی، “یەکێتی حزبی ئێوەیە و بە ئەوپەڕی تواناوە رۆڵی خۆتان بگێڕن تاوەکو خزمەتی زیاتری کەرکوک و کوردستان بکەن”.

لە درێژەی دیدارەکەدا دۆخی کەرکوک و پێداویستییەکانی خەڵک گفتوگۆی لەبارەوەکرا و لە وەڵامی پرسیار و پێشنیارەکاندا سەرۆکی یەكێتی وتی، “یەکێتیبوونی کەرکوک روونە و قەڵای سەوزی کوردستانە، بۆیە خزمەتکردن و جێبەجێکردنی داواکارییەکانتان ئەرکی خۆمانە و هەرشتێک بکەین ناکاتە مێژووی پڕ لە سەروەری و قوربانیدانی ئێوە”. وتیشی، “تەبایی و پێکەوەژیان لە کەرکوک مێژوویەکی درێژی هەیە، دەبێت هەموومان پێکەوە پەرە بەو گیانی ئاشتی و خۆشەویستییە بدەین و کەرکوک ئەو شارە بێت کە هەمووان تێیدا هەست بە ئارامی و سەقامگیری بکەن و مافەکانیان پارێزراوبێت”.

لەدرێژەی وتەکانیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکان کرد و رایگەیاند، ناکۆکی و جیاوازییەکان نابێت زیان لە کوردستانیبوونی کەرکوک بدات و دەبێت پاراستنی مافەکانی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانیتر کاری لەپێشینەمان بێت، یەکێتییەکەشتان وەک هەمیشە ئەم بەرپرسیارێتییە هەڵدەگرێت و سەرقافڵەی بەدیهێنانی داهاتوویەکی گەشتر و پرشنگدارتر دەبێت بۆ کەرکوک و کەرکوکییە قارەمانەکان.

بابەتی پێشتر

رای گشتی لە دۆسیەی گوهدار زێباری ئاگاداردەكرێتەوە

بابەتی دواتر

هەلی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا بۆ رۆژنامەنووسان رادەگەیەندرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

زانكۆی سلێمانی لەبارەی دواكەوتنی مووچەی مامۆستا و فەرمانبەران و دەرماڵەی خوێندكاران هاتەدەنگ

ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی داوای چارەسەركردنی كێشەی دواكەوتنی مووچەی مامۆستا و فەرمانبەران دەكات، داواشدەكات دەرماڵەی سێ مانگی خوێندكاران خەرجبكرێت.…
Total
0
Share