رای گشتی لە دۆسیەی گوهدار زێباری ئاگاداردەكرێتەوە

دۆسیەی گوهدار زێباری لەلایەن دەزگا ئەمنییەكان لە هەولێر دواخراوە و كەسوكارەكەی و دەستەی بەرگری لە ئازادی داوای بەدەنگەوەهاتن دەكەن.

لە نامەیەكدا بۆ رای گشتی بنەماڵەی گوهدار زێباری و دەستەی بەرگری لە ئازادی رایدەگەیەنن، لە 16ی ئەم مانگەوە سزای سەپێندراوی سەر رۆژنامەنووس گوهدار زێباری لە چاکسازیی گەورانی هەولێر کۆتایی هاتووە و رەوانەی ئاسایشی گشتیی هەولێر کراوە، تا لەوێیەوە رێکارەکان بگیرێنەبەر بۆ ئازادكردنی.

دەشڵێت، تا ئەمڕۆ 21ی ئاب بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ئاسايش رێگرە لە ناردنی ئیفادە و بەڵگەنامەکانی گوهدار زێباری و، رەزامەند نییە بە ناردنیان بو دادگای هەولێر، تا کۆتا رێکارەکان بگیرێتەبەر و رۆژنامەنووس گوهدار زێباری ئازاد بکرێت”.

هەروەك روو لە داواكاری گشتی، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، پارێزەران و دەزگاكانیش راگەیاندنیش داوادەكەن بە زووترین كات لەسەر ئەو پێشێلكارییانە بێنە جواب، چونكە سیستەمی دادوەری و سەربەخۆیی دادگا زیاتر لەمە دەکەوێتە ژێر هەژموونی دەزگا ئەمنییەکان بێ حسابکردن بۆ رێکارە یاساییەكان”.

گوهدار زێباری، لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020دا لەگەڵ چوار چالاكوان و رۆژنامەنووسی دیكە بە تۆمەتی “سیخوڕیی و هەوڵدان بۆ كودەتا و ئاژاوەگێڕی” دەستگیرکران، لە 16ی شوباتی 2021یش لەلایەن دادگای تاوانه‌كانی هەولێر بە شەش ساڵ زیندانی كرا.

دوای كەمكردنەوەی سزاكەی بەڕێژەی 60%، بڕیاربوو لە 16ی ئازاری 2023 ئازادبكرێت، بەڵام رۆژێك پێشتر واتە لە 15ی ئازاری رابردوو لە دانیشتنێكی دادگادا بەبێ ئاگاداركردنەوەی پارێزەرانی، گوهدار زێباری بە حەوت مانگی دیكە زیندانیكردن سزادرا، تەنها بە تۆمەتی گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی و دوای تانەدان لە بڕیارەكە، ماوەی ئەو سزایە لە حەوت مانگەوە بۆ پێنج مانگ كەمكرایەوە.

ماوەی سزای دووەمی چوارشەممەی رابردوو 16ی ئاب تەواوبوو، بەڵام چالاكوانەكە لە زیندان هێڵدرایەوە و بەپێی وتەی پارێزەر، كەسوكار و چالاكوانان دیسان دۆسیەیەكی دیكەی لەسەر كراوەتەوە.

لەسەر ئەو دۆسیە نوێیە پێشتر عەلی حەمەساڵح، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، گوهدار زێباری دۆسیەی چەكی بۆ كراوەتەوە، چەكەكەش تاپڕێكی ساڵی 1960و هی باپیریەتی و لە ماڵی خوشكەكەشیدا گیراوە.

بابەتی پێشتر

لە ئەمریکا سکاڵا دژی مێسی تۆمارکرا

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: نابێت ناکۆکییەكان زیان لە کوردستانیبوونی کەرکوک بدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share