فەیسبووك ئەپڵ بە دزی و سیخوڕیكردن تۆمەتباردەكات

بە پاساوی سیخوڕیکردن و دزینی زانیاریی بەكارهێنەران، كۆمپانیای فەیسبووك، هێما شینەکە “ڤێریفای”ی لە كۆمپانیای ئەپڵ سەندەوە.

هێما شینەكە یاخود ‘Verification Tick’ ئەو هێمایەیە كە كۆمپانیای فەیسبووك دەیبەخشێتە پەڕەی كەس و دامەزراوە باوەڕپێكراوەكان، بەوەش پەڕەكە تایبەتمەندێتی وەردەگرێت و لە كۆمەڵێك گرفتی تەكنیكی پارێزراو دەبێت، كۆمپانیای “ئەپڵ”ـیش یەكێك بوو لەو كۆمپانیا و دامەزراوانەی ئەو هێمایە بەخشراوە بە پەڕەكانیان.

لە نوێترین پەرەسەندنەكانی ناكۆكیی نێوان هەردوو كۆمپانیای ئەپڵ و فەیسبووك-دا كە لە هەفتەی ڕابردووەوە سەریهەڵداوە، دووەمیان هێما شینەكەی لە یەكەم سەندەوە، بە گوێرەی ڕۆژنامەی “دەیلی مەیڵ”ی بەریتانی، پاساوی فەیسبووك بۆ ئەو كارەی، ئەوەیە كە پێیوایە سۆفتوێری نوێی کۆمپانیای ئەپڵ (IOS14.4) زانیاریی تایبەتیی بەکارهێنەرانی فەیسبووک لە مێسنجەر و ئینستاگرام دەدزێت و لە دژی کۆمپانیا بچووکەکان بەکاریاندەهێنێت، دواتر کۆمپانیای ئەپڵ بە بیانووی وەرگرتنی زانیاریی تایبەت بۆ کاروباری ڕێکلام، بە تایبەتیش ڕێکلامی کۆمپانیا بچووکەکان، ئەو زانیارییە “دزراوانە” بەکاردەهێنێت و سوود بە بەکارهێنەرانی خۆی دەگەیەنێت و وا دەكات قازانجی ڕیكلامی و بازرگانییان دەستبكەوێت.

دەیلی مەیڵ ئاشكرایكردووە كە بەڕێوبەرانی کۆمپانیای فەیسبووک رایانگەیاندووە، “سیستمی نوێی کارکردنی 14.4-ی ئەپڵ، دژایەتیی کۆمپانیا بچووکەکان دەکات بەوەی ڕێگرییان لێدەكات لە دۆزینەوە و بە ئامانجگرتنی خەڵک لە ڕێگای ڕێکلامەکانی ئینتەرنێت.”

ئاماژەیان بۆ ئەوەشكردووە كە بۆ كۆتاییهێنان بەو كارە، فەیسبووک وێب پەیجێکی بۆ پشتیوانیکردنی کۆمپانیا بچووکەکان و هاندانی خەڵک بۆ پشتیوانیکردنیان خستووەتەگەڕ.

زانیارییەكان باس لەوە دەكەن كە ئامانجی كۆمپانیای فەیسبووک لەو كارەی بەرانبەر بە ئەپڵ، هەنگاونان بێت بەرەو جیهانی رێکلامکردن و وەرگرتنەوەی دەستکەوتی دارایی لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تر، چونكە جیاواز لەو ڕەوتەی پێشتر كۆمپانیای ئەپڵ گرتبوویەبەر، سۆفتوێرە نوێیەكەی ئەو کۆمپانیایە كە ناوی (IOS14.4)ـە و بڕیارە ساڵی داهاتوو بخرێتەكار، هاوشێوەی كۆمپانیای فەیسبووك، ڕێگە بە كۆمپانیا بازرگانییەكان دەدات، ڕیكلام بۆ بەكارهێنەران بنێرن و بەدواداچوون بۆ زانیارییەكانیان بكەن.

بابەتی پێشتر

مەسجدی: ئێمە دەست لە كاروباری عێراق وەرنادەین و خۆیان داوادەكەن

بابەتی دواتر

سەدر بۆ ئێران: عێراق لە ململانێكانت دووربگرە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share