پێنتاگۆن: 4000 سەربازمان بۆ وەڵامدانەوەی هەر جووڵەیەكی ڕوسیا بڵاوکردووەتەوە

لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا، پلانی زیادکردنی پاڵپشتیی سەربازیی وڵاتەكەی بۆ پۆڵەندا ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، چوار هەزار و 500 سەربازی ئەمریکییان لەناو خاکی پۆڵەندا بڵاوکردووەتەوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر دۆخێکی لەناکاو، ئاماژەشی بۆ ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا کرد.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا پۆڵەندییەکەی لە وارشۆ، لوید ئۆستن ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کاردەکات بۆ پەرەپێدانی توانا سەربازی و بەرگرییەکانی پۆڵەندا.

جەختیکردەوە، ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی سەرجەم ڕێگاکانی وەڵامدانەوەی بەکۆمەڵ بۆ ڕێگریکردن لە ڕوسیا دەگرێتەبەر هاوشانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان.

وتیشی، بەهۆی قەیرانی ئێستای ڕوسیا و ئۆکرانیاوە، ئاشتی و ئاسایشی ئەوروپا ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە، ئەمریکاش پاڵپشتیی هاوپەیمانەکانی دەکات.

هەروەها ماریۆس پلاشچاک وەزیری بەرگریی پۆڵەندا ڕایگەیاند، “ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا دەیەوێت ئیمپراتۆرییەتی ڕوسی بگەڕێنێتەوە، ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ وەڵامدانەوەی هەر کارێکی دوژمنکارانەی ڕوسیا خستەڕوو”.

لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ئاشکرایکرد، سبەینێ شەممە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی وڵاتەکە سەرپەرشتیی مانۆڕێکی تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیی کیشوەربڕ دەکات.

بابەتی پێشتر

کوڕەکەی شەھرام نازری چی بە باوکی دەڵێت؟

بابەتی دواتر

داوای بانگێشتكردنی كازمی بۆ پەرلەمان دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share