ماوەی دوو رۆژە ئاگر لە بەشێك لە دارستانەكانی پێنجوێن كەوتووەتەوە، قائیمقامی قەزاكە دەڵێت، بەشێكی كۆنتڕۆڵكراوە، بەڵام بەردەوامیی ئاگرەكە بەهۆی بوونی مین-ەوە ناتوانین تیمەكانی بۆ رەوانە بكەین.
زانا عەبدولڕەحمان، قائیمقامی قەزای پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ماوەی دوو رۆژە ئاگر لە دارستانەكانی پێنجوێن كەوتووەتەوە، ئەو بەشەی ئاگرەكە كە دەكەوێتە ناوچە سەلامەتەكانەوە لەلایەن تیمەكانی دارستان، رێكخراوی ملەكەوە، خۆبەخشان و تیمەكانی ئاگركوژێنەوەوە كۆنتڕۆڵكراوە.
وتیشی، “95%ەكەی دیكەیشی بەهۆی بوونی مین-ەوە ئاگرەكە بەردەوامە و لە پەرەسەندندایە”.
ئاگرەكە لە زنجیرە شاخی ئاسن كوڵێن بەرەو كانی شەوەقەت كە بەسەر قەزای پێنجوێندا دەڕوانێت بەردەوامە، وەك ئەوەی زانا رەحمان ئاماژەی پێدا و وتی، “فڕۆكە و ئامێری پێشكەوتووی ئاگركوژینەوەمان لانییە، ناهێڵێن هیچ كارمەندێكیش بچێتە شوێنەكە بەهۆی مەترسییەكانی ئەڵغامەوە”.
قائیمقامی پێنجوێن روونیشیكردەوە، ئاگرەكە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام دارستانەكان كە سەرمایەكی گەورەیە بەهۆیەوە لە لەناوچووندان.