وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەجێبەجێکردنی ئەو دوو بڕیارەی بانكی ناوەندیی عێراق کە بەنیازە كاری لەسەر بكات بەهای دۆلار دادەبەزێت و دەشڵێت، “ئەگەر قۆرخكاری تێدا نەكرێت بەهای 100 دۆلار دادەبەزێت بۆ 140 هەزار دینار”.
جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دراوی شاری سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بانكی ناوەندیی عێراق دوو ڕێوشوێنی نوێی دەركردووە كە بەنیازی كاری لەسەر بكات و یەكەمیان پێدانی دۆلارە بە نرخی فەرمی بە بازرگانانی بچووك كە پێشتر دۆلاریان لە بازاڕی رەشدا كڕیوە و 60%ی پێویستی ناوخۆ هاوردەدەكەن و بەوەش كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر دابەزینی بەهای دۆلار.
ئاشكراشیكرد، هەنگاوی دووەمیان زیادكردنی قەبارەی پێدانی دۆلارە بە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو كە ئەوەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر دابەزاندنی بەهای دۆلار دەبێت.
بە بڕوای جەبار گۆران بە جێبەجێکردنی ئەو دوو بڕیارە ئەگەر قۆرخكاری تێدا نەكرێت بەهای 100 دۆلار دادەبەزێت بۆ 140 هەزار دینار.