لەتیف نێروەیی ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی بۆردی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لە دەزگای ھەڵبژاردنی یەكێتی رایگەیاند:”پەیامەكەی سەرۆك بافڵ و هەڵوێستی یەكێتی سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، لەچوارچێوەی ئەو بەرپرسیاریەتێیە مێژووییەدایە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گرتوویەتیە ئەستۆی خۆی”.
راشیگەیاند،”یەكێتی ئامانجێتی هاوپەیمانییەتییەكی گەورەی كوردی لەناوچە جێناكۆكەكان بۆ لایەنە كوردستانییەكان پێكبهێنێت، ئەمەش لەپێناو ئەوەی كورد زۆرترین دەنگ لەو ناوچانە بەدەستبهێنێت و بتوانێت پۆستی پارێزگاری كەركوك لەپێناو خزمەتی سەرجەم پێكهاتەكان وەربگرێتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، یەكێتی دەیەوێت ئەو مەترسییانەی لەسەر كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان هەیە دووری بخاتەوە، كە بێگومان ئەمەش بەیەكدەنگی و یەكهەڵوێستی كورد دەبێت، هەر ئەمەشە وایكردووە لە رۆژانی رابردوودا لەسەر راسپاردەی سەرۆك بافڵ شاندی مەكتەبی سیاسی، سەردانی كۆمەڵەی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بكات و هەوڵی یەكدەنگی كورد بدات لەناوچە جێناكۆكەكان”.
راشیگەیاند، بۆ ئەو هاوپەیمانێتییە یەكێتی هێڵی سووری لەسەر هیچ لایەنێك نییە، بەپێچەوانەوە دەیەوێت سەرجەم لایەنەكان بەشداری ئەو هاوپەیمانێتییە بكەن و جارێكی تر كوردستان بوونی ئەو ناوچانە بسەلمێنرێتەوە”.