وەزارەتی پلاندانانی عێراق ژمارەی خەمڵێندراوی دانیشتووان لەمساڵدا ئاشكرادەكات و دەڵێت، 43 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، كاردەكات لەسەر ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە ساڵی داهاتوودا بە ئامانجی خزمەتگوزاریی پەرەپێدان لەڕێی بونیادنانی بونیادی زانیاریی بەرفراوان سەبارەت دۆخی دانیشتووان لە سەرجەم بوارەكاندا.
ئەوەشی خستەڕوو، “ژمارەی دانیشتووانی عێراق لەمساڵدا بە 43 ملیۆن و 324 هەزار كەس دەخەمڵێندرێت، بە رێژەی گەشەی 2.5%”.
دوایین سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق ساڵی 1997 ئەنجامدراوە و ئەوكات دانیشتووانی وڵات 19 ملیۆن كەس بووە.
پێشتر سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێم راگەیاند، “لە ئێستادا ژمارەی دانیشتووانی هەرێم حەوت ملیۆن و 400 هەزار هاوڵاتییە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو ژمارەیە ئاوارە و پەنابەرانیش دەگرێتەوە”.
لە رۆژە فەرمییەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی دانیشتووانە، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2100 ژمارەی دانیشتووانی جیهان 10 ملیار کەس تێبپەڕێنێت.
بەپێی داتاکانی رێکخراوەكە لەئێستادا ژمارەی دانیشتووانی جیهان هەشت ملیار کەسی تێپەڕاندووە، لەو ژمارەیەش رێژەی 49.7%یان لە رەگەزی مێن.
لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا هەر ژنێک 4.5 منداڵی بووە، بەڵام لە ئێستادا بۆ 2.5 منداڵ کەمبووەتەوە، جگە لەوەش لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان تێکڕای تەمەن 64.6 ساڵ بووە، بەڵام لە ساڵی 2019 بۆ 72.6 ساڵ بەرزبووەتەوە.