بەڕێوەبەرانی یانەی بایرن میونشن تاوتوێی پێگەی گۆڵپارێز-یان لەگەڵ تۆماس توخێل-دا کردووە، بەڵام بەهۆی هەڵوێستی مانوێل نۆیەرەوە نەیانتوانیوە بڕیارێک بدەن.
ڕۆژنامەی “بێلد سپۆرت”ی ئەڵمانی بڵاویکردووەتەوە، لە ئێستادا بایرن میونشن خاوەنی پێنج گۆڵپارێزە، پێکهاتوون لە: مانوێل نۆیەر، یان سۆمێر، سڤین ئۆلڕیچ، ئەلیکساندەر نۆبێل، جۆناس شێنک.
سۆمێر و نۆبێل دەیانەوێت پەیوەندی بە ئینتەر میلان و مۆناکۆ-وە بکەن، چونکە هیچیان ئامادەنین ببنە جێگرەوەی مانوێل نۆیەر، لە لایەکی دیکەوە پزیشکانی یانە باڤارییەکە جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە نۆیەر لە ئامادەکارییەکانی سەرەتای وەرز و بگرە چەند یارییەکی دەستپێکیشدا ناتوانێت بەشداری بکات.
بەرپرسانی بایرن بیریان لەوە کردووەتەوە، سڤین ئۆلڕیچ بکەن بە گۆڵپارێزی سەرەکی و گرنگی بە شێنک بدەن تاوەکو کاتی گەڕانەوەی نۆیەر، یاخود جۆرجی مامەرداشڤیلی گۆڵپارێزی یانەی ڤالێنسیا بکڕن، سەرجەم ئەم بڕیارانەش لەسەر داهاتووی نۆیەر وەستاوە.