بڕیارە سبەی مووچەی مانگی حوزەیرانی بەشێك لە مووچەخۆرانی هەرێم دابەشبكرێت، بەڵام تائێستا خشتەی مووچەی وەزارەت و فەرمانگەكان دیارینەكراوە.
بڕیارە سبەی یەكشەممە مووچەی مانگی رابردووی لیوا هاوبەشەكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دابەشبكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لەلایەن وەزارەتی داراییە ئامادەكاری و هەنگاوی پێویست نراوە.
مووچەی لیوا هاوبەشەكان بە پاڵپشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان و لەسەر ئەركی ئەمریكا دابیندەكرێت.
دابەشكردنی مووچەی ئەو هێزانەی پێشمەرگە لەكاتێكدایە، لەگەڵ تێپەڕبوونی هەفتەی یەكەمی مانگی تەمموز، هێشتا هیچكام لە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی رابردوویان وەرنەگرتووە.
پێشتر زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، یاسای بودجە لە 1ی 1ی 2023ەوە كاری پێدەكرێت بۆ ئەوەش كە پشكی هەرێم لە یاساكەدا دیاریكراوە، دەبێت لە هەرێمی كوردستانیش كاری پێبكرێت و دابەشكردنی مووچە رێكبخرێـتەوە.
وتیشی، “پێویستە حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان پاكتاوی دارایی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵی نێوانیان بكەن و ئەگەر ئەو پاكتاوانە بكرێت دەبێت مووچەی مانگەكانی 6 و 7ی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەیەكەوە خەرجبكرێت”.