کاروان گەزنەیی: بڕیاری پلەبەرزکردنەوەی مەرجدار دەستوەردانی حزب و واستە زیاتر دەکات

کاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە بڕیاری پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بەشێوەی مەرجدار رایگەیاند، ئەو بڕیارە جگە لەوەی غەدرێکی گەورەیە دەستی حزب دەخاتە ناو بڕیارەکانەوە و واستە زیاتر دەکات.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کاروان گەزنەیی رایگەیاند، بڕیاری پلەبەرزکردنەوەی مەرجداری فەرمانبەران بڕیارێکی دیراسەنەکراوە، هەروەها غەدرێکی گەورەیە لە فەرمانبەران، چونکە لەکاتێکدا بەهۆی شەڕی داعشەوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران راگیرا بڕیاربوو لەگەڵ باشبوونی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستاندا بەبێ مەرج پلەبەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەکرد، مەرجدارکردنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستی حزب دەخاتە بڕیارەکانە و واستە زیاتر دەکات، بەمبڕیارە حکومەت وادەکات کە بۆچوونی تاکەکەس بڕیاربدات چ فەرمانبەرێک شایستەی پلەبەرزکردنەوەیە و کێ شایستە نییە.

وتیشی، لە ئێستادا داهاتەکانی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکدان کە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بەبێ مەرج و جیاکاری پێبکرێت و کێشەکانی دیکەی هەرێمیش چارەسەربکرێن.

داوایکرد، ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنرێتەوە و “ئێمە ڕێکاری پەرلەمانیمان گرتووەتەبەر و داوای دانیشتنی پەرلەمانمان کردووە لەوبارەیەوە”.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان وتی، ئەو هەوڵەی کاک بافڵ تاڵەبانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانە و ڕاستکردنەوەی ئەو عەقڵیەتەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان حوکم دەکات کە هەرێم بەرەو هەڵدێر دەبات.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سەرۆکى شارەوانیی سلێمانى: دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەستپێدەکاتەوە

سەرۆکى شارەوانى سلێمانى رایدەگەیەنێت، بەمنزیکانە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەستپێدەکاتەوە. لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی ئاشکرایکرد، کاری لیژنەکان…
زیاتر ببینە

بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی خۆی بە بەشێک لە خەباتی پیشەیی و مەدەنیی مامۆستایان دەزانێت

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کەردستانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند…
Total
0
Share