بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەك فەرماندە و ئەفسەری باڵای یەكە سەربازییەكاندا كۆبووەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر لەگەڵ ژمارەیەك فەرماندە و ئەفسەری باڵای یەكە سەربازییەكان كۆبووەوە.

لەكۆبوونەوەكەدا كە شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، بورهان سەعید سۆفی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وەستا رەسوڵ، لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی پێشمەرگە و لیوا روكن عومەر ساڵح، سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزەكانی 70 ئامادەبوون، دۆخی ئەمنی و هەنگاوەكانی رێكخستنەوە و پێشخستنی توانای هێزەكانی پێشمەرگە گفتوگۆی لەبارەوەكرا و جەخت لە یەكخستنی هەوڵەكان كرایەوە لەپێناو سەرخستنی ئەو ئامانجە نیشتمانییەكاندا.

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دوایین هەنگاو و بڕیارەكانی رێكخستنەوە و چاكسازیكردن و درێژەدان بەمەشق و راهێنان و بەرزكردنەوەی توانای سەربازی و هەواڵگری هێزی پێشمەرگە ئامادەبووانی بەرچاوڕوونكرد و رایگەیاند، “هەموو هەوڵەكان بە ئاڕاستەی رێكخستنەوەی هێزەكان و ئامادەكردنەوەیەتی لەچوارچێوەی پەیكەربەندییەكی نوێدا تاوەكو هێزێكی نیشتمانیی تۆكمە بونیاد بنێین كە پارێزەری راستەقینەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان بێت.

وتیشی، “پێشوازی لە هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەكەین لەسەر بنەمای یەكسانی و دادپەروەریی و هاوسەنگی هێز هەر ویستێكیش لەدەرەوەی ئەم ئامانجە باڵایە رەتدەكەینەوە، بۆیە پێویستە هەموو فەرماندە و ئەفسەرەكانی هێزی پێشمەرگە بە ئەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەركەكانیان جێبەجێبكەن و وەك هەمیشە لەخزمەت كوردستاندا بن.

لەبارەی هاریكاری و هەماهەنگی نێوان كۆی هێزە سەربازی و ئەمنییەكان و یەكخستنی هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، سەرۆك بافڵ رایگەیاند، “دەبێت هەموو هێزە سەربازی و ئەمنییەكان هاوكار و هەماهەنگبن، پێكەوە لەچوارچێوەی یاسا بەركارەكاندا ئەركەكانیان رابپەڕێنن و پارێزەری ژیانی خەڵك بن”.

پاراستنی سنوورەكان، تۆكمەكردنی سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر تەوەرێكیتری كۆبوونەوەكە بوو و جگەلەوەی گفتوگۆی وردی لەبارەوەكرا، بڕیاری پێویستیشیان لەبارەوە درا.

بابەتی پێشتر

هەرێم كەمال ئاغا: بە جێبەجێكردنی یاسای بودجە، لیوای 20ی پێشمەرگە دەستبەكاردەبن

بابەتی دواتر

بەشێكی دیكەی زنجیرەی (پێستی شێر) بەرهەمدەهێندرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share