قوباد تاڵەبانی: یەكێتی پێگەیەكی گەورەی هەیە، بۆیە هەمیشە چاوەڕوانی باشتری لێدەكرێت

قوباد تاڵەبانی، لەكۆبوونەوەیدا لەگەڵ مەكتەبی رێكخستنی (ی.ن.ك) رایگەیاند، یەكێتی پێگەیەكی گەورەی هەیە، بۆیە هەمیشە چاوەڕوانی باشتری لێدەكرێت و بۆ ئەو مەبەستەش خۆمان رێكدەخەینەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو و سەركەوت زەكی لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستن ئامادەیبوو، قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال دوایین گۆڕانكاریی و پێشهاتە سیاسییەكان و دۆخی ناوخۆی یەكێتی بۆ ئامادەبووان روونكردەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەركەوت زەكی، رووناكی خستەسەر كار و چالاكییەكانی مەكتەبی رێكخستن و گرفتەكانی بەردەم كارەكانیان و ئاماژەی بەوەدا كە پلانیان داناوە و ئامادەكارییان كردووە بۆ چۆنییەتی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم قۆناغە نوێیە بە شێوازێك كە لە ئاستی چاوەڕوانیی كادری حزب و خەڵكی كوردستاندا بێت، جەختیشیكردەوە جێبەجێكاری پلان و سیاسەتەكانی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی دەبین لەپێناو باشتر بەڕێوەبردنی یەكێتی.

دواتر قوباد تاڵەبانی باسی دۆخی ناوخۆی یەكێتی كرد و رایگەیاند، گۆڕانكاری دەكەین لە شێوازی كاركردن بە جۆرێك كە لەگەڵ ئەم دۆخەی ئێستادا گونجاو بێت و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستیمان بە هەوڵ و هیمەتی هەموولایەكە، لەوبارەیەوە وتی، مەكتەبی رێكخستن دڵی حزبە و كاریگەری گەورەی لەسەر ئۆرگانەكان و لەسەر جێبەجێكردنی سیاسەت و بەرنامەی كاری حزب هەیە.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا یەكێتی سیاسەت و پرەنسیپەكانی نەگۆڕاوە و هەموو كات لەگەڵ عەدالەتی دارایی و پەیوەندییەكی تەندروست بووە لەگەڵ بەغداد و دووپاتیشیكردەوە یەكێتی داڕێژەری فیدراڵییەتە لە عێراق و بونیادنەر و پارێزەری قەوارەی هەرێم و دەستكەوتەكانییەتی، ئەمەش تاكە رێگەیە بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتییان و زامنكردنی مافە دەستوورییەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

لەبارەی هەڵبژاردنیشەوە سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال وتی، “لەگەڵ ئەوەدا نەبووین هەڵبژاردن دوابكەوێت و ئێستاش ئامادەكاریی تەواومانكردووە و دەبێت هەڵبژاردن بكرێت، و ئێمە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد و دادپەروەرانەداین و مافی هەموو پێكهاتەكانیش پارێزراو بێت.

لەبارەی پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، ئێمە لەگەڵ یەكڕیزی و تەبایی ناوخۆییداین و هەموو كات وتوومانە دەبێت پەیوەندیی زۆر باشمان لەگەڵ لایەنەكان هەبێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت كە سیاسەتی حزبەكان وەك یەك بێت، هەموو حزبێك سیاسەتی خۆی هەیە و كار لەسەر جێبەجێكردنی دەكات، یەكێتیش سیاسەتی تایبەتی خۆی هەیە و لە رێگای ئۆرگان و كادرەكانییەوە كار لەسەر جێبەجێكردنی دەكات.

بابەتی پێشتر

لە هەولێر لە رۆژانی جەژندا 35 تاوان و نۆ ئاگرکەوتنەوە و هەشت رووداوی هاتوچۆ روویانداوە

بابەتی دواتر

روونكردنەوەیەك لە هێزەكانی كۆماندۆی كوردستانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار دابەزی

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دابەزی و 100 دۆلار بە…
Total
0
Share