سەرۆكی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد ڕایدەگەیەنێت، دوو هەفتە بەسەر سەردانی شاندەكەیان بۆ بەغداد تێدەپەڕێت و تیایدا توانیمان بگەینە ڕێككەوتن لەسەر پرۆژەیاسای ساڵی 2021.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران و سەرۆكی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد ئەمڕۆ سێشەممە 22ی كانونی یەكەم وتی، دوو هەفتە بەسەر سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد تێپدەپەڕێت و لەمیانەیدا توانیمان لەگەڵ حكومەتی ناوەند بگەینە ڕێككەوتن دەربارەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021.
قوباد تاڵەبانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا لە بەغدادەوە ڕێككەوتنەكەی بە “سەركەوتن” ناوبرد و هیواشیخواست لە پەرلەمانیش پرۆژەكە تێپەڕێنرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، پرۆژەكە توانیویەتی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانەوە بپارێزێت.
سەرۆكی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد ئەوەشی خستەڕوو، “گفتوگۆمان هەبووە لەسەر یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی قەرز كە لە پەرلەمان پەسەندكرا بەبێ دەنگی لایەنە كوردستانییەكان و ئێمەش وەك حكومەتی هەرێم بڕیارماندا جێبەجێ بكرێت و هاتین بۆ جێبەجێكردنی”.
ڕوونیشیكردەوە، گفتوگۆكانیان لە بەغداد بەردەوامە بۆ یەكلاكردنەوە و دیاریكردنی پشكی هەرێم لەو بودجەیەی بەپێی یاسای قەرزكردن تەرخانكراوە كە تائێستا بەغداد هیچ بڕێكی بۆ هەرێم دیارینەكردووە، ئاماژەی بەوەشكرد كە هەرێمی كوردستان لەمساڵدا “تەنها شەش جار تەمویل كراوە”.
دەربارەی بەشە بودجەی هەرێمیش لە پرۆژەیاسای بودجە قوباد تاڵەبانی وتی، ڕێژەی بودجەی هەرێم دیاریكراوە دوای دەركردنی خەرجییەكان و بودجەی حاكیمە و سیادی كە “كەمترە لەوەی پێشبینیمان دەكرد و بە مافی خۆمانی دەزانین و بڕەكەشی 12.67%ە كە پێشتریش لە پرۆژەكانی ڕابردوودا هەبوو”.
جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم وتیشی، زۆر گرنگە كە پەیامی ئێمە تەنها لە چوارچێوەی سیاسی نەبێت، بەڵكو پەیامەكەمان بگەیەنینە شەقامی عێراقی، كە ڕەنگە هاوڵاتییان تێڕوانینی دیكەیان هەبێت و بە هەڵە لە پرسەكانی تایبەت بە هەرێم تێگەیەندرابن.
دوپاتیشیكردەوە كە گفتوگۆكانیان لە بەغداد بەردەوام دەبێت ئەوەشی وت، پرسی هەرێم تەنها موچە و بودجە نییە، بەڵكو چەندین دۆسیەی دیكە هەیە دەبێت گفتوگۆیان لەسەر بكەین.