وەزارەتی پەروەردە: لەم مانگەوە پرۆسەی خوێندنی ناوپۆل دەستپێدەکاتەوە

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ناوپۆلی لە مانگی ئەیلولدا ڕاگەیاند، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لەسەر شێوازی دەوامکردنی خوێندکاران بخاتەڕوو.

لە کردنەوەی ناوەندێکی پێدانی ڤاکسین كه‌ تایبەته‌ بە مامۆستایان لە شاری هەولێر، ئالان حەمە سەعید ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ناوپۆل دەکەین و ڕاپۆرتی وەزارەتی پەروەردەش لەوبارەیەوە پێشکەشدەکەین”.

وتیشی، “لە مانگی ئه‌یلولدا پرۆسەی خوێندن دەستپێدەکاتەوە لەناو ناوەندەکانی خوێندن، بەڵام تائێستا زانیارییەکان بەتەواوی بەردەستنین و دواتر وردەکارییەکان لەوبارەیەوە بڵاودەکەینەوە”.

سەبارەت بە دابینکردنی پێداویستییەکانی ساڵی خوێندنی 2021-2022 وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند، “ئێستا سەرجەم پەرتوکی پێویست لە چاپخانەکانی شاری هەولێر لەژێر چاپدان، پێداویستییەکانی دیکەش بەشێکیان وەزارەتی پەروەردە لەسەر بودجەی وەزارەت دابینیان دەکات”.

بۆ ئەمساڵی خوێندن ئەنجومەنی وەزیران بودجەی بۆ حەوت ملیۆن لیتر نه‌وت بۆ سووتەمه‌نیی قوتابخانەکان دابینکردووە و بەسەر سەرجەم قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستاندا دابەشدەکرێت.

وەزیری پەروەردە رایگەیاند، کە داوای پێشینەیەکیان کردووە تاوەکو جگە لە داهاتی فرۆشگاکانی خوێندنگەکان، لەبەردەست پەروەردە و خوێندنگەکاندا بێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان.

هانی مامۆستایانیشی دا بڕۆن بۆ ناوەندەکانى كوتان و ڤاکسین وەربگرن، جەختیکردەوە مەبەستیانە تا دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن زۆرترین مامۆستا ڤاکسین وەربگرن.

وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند، “لەسەرەتای مانگی ئازارەوە یەک ملیۆن و 200 هەزار ژەمە ڤاکسین گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان بەهەرسێ جۆری فایزەر، ئەسترازێنیکا و سینۆفامیشەوە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تائێستا 700 هەزار کەس ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین تۆمارکردووە و 460 هەزار کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە و 240 هەزار لەو ژمارەیە هەردوو ژەمەکەیان وەرگرتووە.

دکتۆر سامان بەرزنجی ڕایگەیاند، تائێستا 60 هەزار مامۆستا ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین تۆمارکردووە زیاتر لە 21 هەزار مامۆستا ڤاکسینیان وەرگرتووە، لەو ژمارەیە 17 هەزاریان هەردوو ژەمەکەیان وەرگرتووە.

بابەتی پێشتر

ئه‌تله‌تیکۆ مه‌درید سێ کارتی گه‌وره‌ی جوڵاند

بابەتی دواتر

چیرۆکی ڕیاڵ مه‌درید و مباپێ له‌  2022 ده‌ستپێده‌کاته‌وه‌‌

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share