دادگای ئەوروپا: پێویستە توركیا بەزووترین كات دەمیرتاش ئازادبكات

سەڵاحەدین دەمیرتاش

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەڵێت، پێویستە توركیا سەرجەم ڕێوشوێنە پێویستەكان بگرێتەبەر بۆ ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش-ی سیاسەتمەداری كورد بە زووترین كات.

دادگاكە ئەمڕۆ سێشەممە 22ی كانونی یەكەم ڕایگەیاند، بڕیارەكانی ڕاگرتنی دەمیرتاش هیچ بەڵگەیەكی تیانییە كە كردەوەكانی بە تاوانی پەیوەندیدار بە تیرۆرەوە ببەستێتەوە.

سەرۆكی دادگای مافی مرۆڤ وتی، دەستگیركردنی هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) “پەیامێكی مەترسیدار”ی گەیاندە گەلی توركیا كە دەستگیركردنەكە “تەنها بۆ شاردنەوەی ئامانجێكی سیاسیی شاراوەیە”.

لە بڕیاری دادگاكەدا هاتووە، “دەستبەسەركردنە سەرەتایی و بەردەوامەكە نەك تەنها هەزاران دەنگدەری لە نوێنەرایەتی لە پەرلەماندا بێبەشكردووە، بەڵكو بەهەمان شێوە پەیامێكی مەترسیداری گەیاندە سەرجەم دانیشتووان، كە بەشێوەیەكی گەورە چوارچێوەی وتوێژی دیموكراتیی ئازادی كەمكردەوە”.

دوای هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكە، دەسەڵاتدارێتی توركیا لە 4ی تشرینی دووەمی 2016 سەڵاحەدین دەمیرتاش-ی بە تۆمەتی پەیوەندی بە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە دەستگیركرد.

چەندین تۆمەت ئاراستەی دەمیرتاش كراونەتەوە كە لە ئەگەری سەپاندنی بەسەریدا ڕوبەڕووی سەدان ساڵ بەندكردن دەبێتەوە، ئەمەش سەرەڕای بڕیارێكی پێشووی دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا كە تیایدا جەختیكردبووە لەسەر ئەوەی دەستگیركردنەكەی سیاسییە و پێویستە بەزووترین كات ئازادبكرێت.

بابەتی پێشتر

فایزەر و مۆدێرنا تاقیکردنەوە لەسەر ڤاکسینەکەیان بۆ ڕوبەروبوونەوەی کۆرۆنا نوێیەکە دەکەن

بابەتی دواتر

پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 گەیشتە پەرلەمان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share