پەیامێك لە بافڵ جەلال تاڵەبانی-یەوە

سەرۆكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، شێخ جەعفەر و مێژووی خەباتی و سەرجەم فەرماندەکانی یەکێتی نەک بەراورد ناکرێن، بەڵکو لای من هێڵی سوورن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند، شێخ جەعفەر و مێژووی خەباتی و سەرجەم فەرماندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەک بەراورد ناکرێن، بەڵکو لای من هێڵی سوورن.

دەشڵێت، “قسەکردنتان لەسەر هێڵی سوورمان وەڵامێکی چاوەڕواننەکراوی دەبێت!”.

پێشتریش مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە وەڵامی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، ”مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكی چەواشەكارانەدا وەڵامی لێدوانە ڕاست و ڕەواكانی هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی داوەتەوە و زۆر بە پەلەپڕوزێ كەوتووەتە شێواندنی زەقی ڕاستییەكان و تێكەڵكردنی كاغەزەكان بە جۆرێك نەك هەر هاوڵاتییانی كوردستان، بەڵكو خودی پارتییەكانیش، بڕوای پێناكەن و لە ڕوونكردنەوەكەدا گوایە باس لە پەڕاوێزخستنی حزبی دەكەن، لە كاتێكدا یەكێتی بەوە دەناسرێتەوە هەمیشە سەركردە و تێكۆشەر و خەباتگێرەكانی پێشڕەو و سەرمەشقن لە سەنگەری بەرگری لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و یەكێتییەكەیاندا”.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، “ڕوونكردنەوەكە تۆمەتی دواخستنی هەڵبژاردن دەخاتە ئەستۆی یەكێتیی، خەڵكی كوردستان زۆر لەوە هۆشیارترن باوەڕ بە بوختانی وا بكەن. ڕاستییەكەی ئەوەیە كە پارتی دەیویست بەو یاسا كۆنەی هەڵبژاردن و تۆمارە پڕخەوشەی دەنگدەران، بەبێ‌ هەمواركردنەوەیەكی گونجاو، بچینە ناو پڕۆسەیەكی شێواوی هەڵبژاردنەوە، كە تەنها و تەنها لەبەرژەوەندیی پارتی و تەزویرە ئاشكرا و چەندبارە بووەكانیدایە”.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕاشیگەیاند، “ئاخر هەڵبژاردن لە بنچینەدا بۆ گۆڕانكاریی سیاسیی و دیموكراسی ڕاستەقینە دەكرێت كە ئەو ئامانجانە بەدینەهێنێت، ئەوا وەك تەسدیقكردنی بەرنامە تەزویرەكەیانە كە ئێستا بۆتە فەرهەنگێك نەك لە دژی فرەحزبی كوردستان، بەڵكو لە دژی خودی كۆنگرەی پارتی و ئەندامەكانیشی تەشەنەی سەندووە”.

لە ڕاگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا هاتووە، بەشێكی بەلاغەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی فرمێسكی تیمساحی بۆ ئایندەی هەرێم هەڵدەرێژێت و لە بیریدەباتەوە كە ئەوە پارتییە هەمیشە ئامادەبووە و ئامادەیە هەموو هەرێم و ئەزموونەكەمان بكاتە قوربانی بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و ئیمارەتێكی بەر تەسك بۆ مانەوەیان تا شتێك نەمێنێت بە ناوی هەرێم و حكومەت و ئیدارەی كوردستانییەوە، پیلان و كەینووبەینە ئیقلیمییەكانیان شاهیدی ئەوەن و لە هەر تەنگژەیەكی سیاسیشدا ویستی هەڕەشە ئامێزی ماڵجیایی هەمیشە بەشێك بووە لە پەیامی ئاشكرا و نهێنییان.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەشڵێت، “ئەم ڕاستییە ئاشكرایانە بە دەلەسەی گوایە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی داناپۆشرێت، چونكە ناوخۆی پارتی و گرژی نێوان باڵەكانی وا زەقەكە كە ئێستا بۆتە مەترسیی سەرباری ئەو مەترسییانەی پارتی بۆ كوردستانی دروستكردووە”.

بابەتی پێشتر

رێگای سلێمانی - گەرمیان داخرا

بابەتی دواتر

پارتی كۆنگرەی یەكلاكردنەوەی سەرۆكایەتیی داهاتووی ئەنجامدەدات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا حكومەتی ناوەند ڕێوشوێنەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەواوبكات

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ حكومەتی ناوەند ناچاردەكات ڕێوشوێنەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەواوبكات. ئەنجومەنی نوێنەران ئەمشەو سێشەممە 16ی…
Total
0
Share