هۆشیار عەبدوڵا: پارتی بۆئەوەی گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە لە پرۆژەیاسای بودجەدا لاببات هەڕەشەی کردووە

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، باس لەوە دەکات کە مەسعود بارزانی لەگەڵ هادی عامری رێککەوتووە بۆ لابردنی گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە لە پرۆژەیاسای بودجەی عێراقدا، هەڕەشەی کشانەوەی کردووە و بەو رێگەیەش لەگەڵ هادی عامری رێککەوتنی کردووە.

بەپێی وتەی هۆشیار عەبدوڵا، پارتی یەکەم تاوانباری لێبڕین و پاشەکەوتی مووچەیە و هەر ئەو حزبەش تاوانبارە لە لابردنی بڕگەی گێڕانەوەی %10ی پاشەکەوتی مووچە لە پرۆژەیاسای بودجەدا.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو دەڵێت، “بارزانی سوودی لە ترسی شیعەکان لە کشانەوەی پارتی وەرگرتووە بەتایبەتی کە ئێستا موقتەدا سەدر لە پرۆسەی سیاسیدا نەماوە و شیعەکان دەترسن پارتیش بکشێتەوە، بۆیە ئەو کارتەی وەک هەڕەشەیەک بەکارهێناوە و لەگەڵ عامری رێککەوتووە بۆ لابردنی ئەو بڕگەیە”.

سەبارەت بە مامەڵەی راستەوخۆی حکومەتی عێراق لەگەڵ پارێزگاکان باس لەوەدەکات، ئەوە مافێکی دەستوورییە و تەنها پەیوەستیش نییە بە پارێزگای سلێمانی بەڵکو بۆ هەموو پارێزگاکانە، بەڵام پارتی دیسان دژایەتی ئەم داوایەشی کرد، جەختدەکاتەوە کە ئەو مافە بەهیچ شێوەیەک بە مانای هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان نییە.

هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت، “بۆچی ئەگەر سلێمانی لە هەرێمی کوردستان غەدری لێبکرێت و خەرجی بەپێی میزاجی سەرۆکی حکومەت بێت، داوابکات عێراق راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکەدا بکات کارێکی خراپە و هەڵوەشاندنەوەی هەرێمە، ئەوەی ئەو پاساوە دەهێنێتەوە هیچ لە مانای دەستوور و یاسا بەرکارەکانی عێراق تێنەگەیشتووە”.

ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، “پارتی لە هەر پرسێکدا کە خۆی لەگەڵیدا نەبێت بە جۆرێک بانگەشەی نەتەوایەتیبوون و مەترسیی لەسەر هەرێمی کوردستان تێکەڵدەکات کە لایەنەکانی دیکە بە خائین و دژی قەوارەی هەرێم ناودەبات، بۆیە دەبێت لایەنەکان خۆیان لەو بانگەشانەی پارتی دەربازبکەن و نەچنە ژێر کاریگەریی ئەو بانگەشە و دەنگۆیانەوە”.

پێشتر بە هەوڵی بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە لە پشکی هەرێمی کوردستان جێگیرکرا، بەڵام پارتی دژایەتی ئەو بڕگەیەی کرد و لەرێگەی رێککەوتن لەگەڵ شیعەکان بڕگەکەی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا لابرد، هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت، “لابردنی ئەو بڕگەیە لەلایەن پارتییەوە بۆ ئەوەیە کە پشکی هەرێم پێداویستی و خەرجیی زۆری پارتەکەیان و بنەماڵە و خێزانەکانیان پڕبکاتەوە، ئەگەرنا پشکی هەرێم بەشی بودجە و گێڕانەوەی پاشەکەوت و خزمەتگوزارییەکانیش دەکات”.

 

بابەتی پێشتر

مێژوو کامیان (ئینتەر – مان سیتی) دەکاتە براوەی ئەمشەو؟

بابەتی دواتر

كاروان یاروەیس: هەردوو باجی سەر كارتی مۆبایل و سەفەركردن رەتكرانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share