مەڵبەندی هەولێری یەکێتی: گومانمان لە گیانلەدەستدانی ئەو گەنجە هەیە کە ئاسایش دەستگیریکرد

لێپرسراوی مەڵبەندی سێی هەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی دەستگیرکردن و گیانلەدەستدانی گەنجەکەی هەولێر لەلایەن ئاسایشەوە رایگەیاند، تا کۆتایی و ئاشکراکردنی هۆکاری دەستگیرکردن و گیانلەدەستدانی پاڵپشتی خانەوادەکەی دەبین و داوای روونکردنەوەش لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا مەجید حەمە ئەمین رایگەیاند، “ئەو کوڕە شەهیدەی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراوە، کاسب بووە و برنج و شلە و چای فرۆشتووە لە گەڕەکی سێتاقان، ئەوەی باس دەکرێت لەسەر هەندێک زیادەڕەوی دەستگیرکراوە کە ئەوەش کاری قائیمقامیەت و شارەوانییە.

ئاماژەی بەوەکرد، بەڵام ئەو کەسە لەلایەن ئاسایشەوە دراوە بەسەریدا و بردوویانە بۆ ئاسایش، دوای تەنها چوار کاتژمێر لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە کەسوکارەکەی ئاگادارکراونەتەوە کە بڕۆن تەرمەکەی وەربگرنەوە.

وتیشی، “ئێمە روونکردنەوەمان لە ئەنجومەنی دادوەری، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، وەزارەتی ناوخۆ دەوێت کە بەرپرسیارێتییەکی مەدەنی و ئەخلاقییان لەسەرە بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری مردنی ئەو گەنجە و هۆکاری دەستگیرکردنەکەشی”.

جەختیشی لەوە کردەوە، “بەدەر لەوەش روونکردنەوەمان دەوێت سەبارەت بەوەی کە ئاسایش چوون بۆ دەستگیرکردنی چونکە ئاسایشی تاوانەکانی رفاندن، ماددەی هۆشبەر و تیرۆریان لایە، دەمانەوێت بزانین بۆچی ئاسایش چوون بۆ دەستگیرکردنی ئەو گەنجە لەکاتێکدا دەڵێن کەمێک زیادەڕەوی کردووە، هەروەها دەبێت هۆکاری مردنەکەی بەڕوونی ئاشکرابکرێت”.

رایگەیاند، “ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پاڵپشتی ئەو خێزانە و کەسوکاری ئەو گەنجە دەبین، تاوەکو راستییەکان بەتەواوی لەوبارەیەوە ئاشکرا دەکرێت”.

هۆشداریشیدا کە ئەگەر دۆسیەی ئەو گەنجە لە هەولێر یەکلایی و رووننەکرایەوە، ئێمە دەیبەینە دادگای پێداچوونەوەی بەغداد، بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکەش دەستەیەکی راوێژکاریمان دروستکردووە، چونکە ئەوەی روویداوە جێگای قبوڵکردن نییە.

ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی وتەی لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتیی لە هەولێر، بە مەبەستی پشکنین و ئاشکراکردنی هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی، لیژنەیەکی دادپزیشکیی سلێمانی گەیشتوونەتە هەولێر و پشکنین بۆ تەرمەکەی دەکەن و ئەنجامەکەی بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێت.

 

بابەتی پێشتر

لە قەڵادزێ دوو تۆمەتباری کوشتنی گەنجێک کە هاوڕێی خۆی بوون دەستگیرکران

بابەتی دواتر

پۆلیس روونکردنەوە لەبارەی شەڕەکەی گەڕەکی شارەوانی دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share