دوای ئەوەی بە وتەی كەسوكارەكەی، زیرەك شەهید عەلی محەمەد، لە كاتژمێر 12 نیوەڕۆ لەلایەن هێزێكی ئەمنی لە شاری هەولێر لەسەر كارەكەی دەستگیركرا پاش چەند كاتژمێرێك ئاگاداری كەسوكارەكەی كراوەتەوە كە تەرمەكەی لە پزیشكی دادی هەولێر وەربگرنەوە.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە هەولێر گواستییەوە، زیرەك شەهید عەلی محەمەد ، كێشەی لەگەڵ كەس نەبووە و نەخۆشیشی نەبووە.
باوكی زیرەك، شەهید عەلی محەمەدە، شەهیدی یەكێتییە و زیرەك لەدایكبووی ساڵی 1982بووە و خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە و كاسبكار بووە لەناو بازاڕی شاری هەولێر.
ئاشكراشیكرد، لە ئێستادا تەرمەكەی لە پزیشیكی دادی هەولێرە و بنەماڵەكەیان داوایانكردووە كە پزیشكی دادی سلێمانیش بێت و لە هەولێر توێكاری بۆ تەرمەكەی بكەن بە مەبەستی هۆكاری دەستنیشانكردنی مردنەكەی.