ئێوارەی ئەمڕۆ لە عەممانی پایتەخت ئاهەنگی هاوسەرگیریی شازادە حسێن کوڕی شا عەبدوڵا پادشای ئوردن بەڕێوەدەچێت و بەو بۆنەیەشەوە لەسەرانسەری وڵاتەکەدا کراوەتە پشووی فەرمی.
نۆ مانگ لەمەوبەر شازادە حسێن شازادەی جێنشینی ئوردن و کوڕە گەورەی شا عەبدوڵا پادشای وڵاتەکە، ئەڵقەی هاوسەرگیری لەگەڵ کچی بازرگانێکی سعودی بە ناوی رەجوە ئال سەیف گۆڕییەوە، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆش لە کۆشکی زەهران لە عەممانی پایتەخت ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکە بەڕێوەبچێت.
بەمەبەستی بەشداریکردن لە ئاهەنگەکە ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک و پادشا و نوێنەری وڵاتان گەیشتوونەتە عەممان، هاوکات رێوشوێنی ئەمنیی توندوتۆڵ لە وڵاتەکەدا گیراوەتە بەر.
بەپێی پلانەکان رێورەسمەکە، لە کاتژمێر 4:00 دەستپێدەکات و راستەوخۆ لەدوای تەوابوونی رێورەسمی مارەکردن رەجوا نازناوی شازادە وەردەگرێت.
دواتریش بوک و زاوا بە کەژاوەی ئۆتۆمبێلی رەنگ سوور لە کۆشکی زەهرانەوە بەرەو کۆشکی حسێنییە بەڕێدەکەون.
لە ئاهەنگەکەی ئەمڕۆدا هەزار و 700 میوان بانگهێشت کراون و داوایان لێکراوە جلوبەرگی کلتوری بپۆشن و مۆبایل بەکارنەهێنن.