رێواز فایەق: یەکێتی بژاردەی دیکەی هەیە

سەرۆكی پەرلەمان رایدەگەیەنێت، ئەوەی هەفتەی رابردوو لە پەرلەمان روویدا “نایاسایی و ناپەیڕەوییە” و دەشڵێت، “یەکێتی بژاردەی دیکەی هەیە بۆ راگرتنی ئەو مەهزەلەیە”.

رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە هەولێر رایگەیاند، هێشتا هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی لە پیرمام لە کۆبوونەوەدا بوون، جێگری سەرۆكی پەرلەمان داوایکرد دانیشتنی پەرلەمان بکرێت و بڕگەیەک زیادبکرێت.

وتیشی، “وتم رازی نیم، هێشتا شاندەکەمان لە پیرمامە و هێشتا لە کۆبوونەوەداین و مەسەلەیەکی ئەخلاقیە و هێشتا هەڤاڵەکانم پێیان نەوتوم کۆبوونەوەکە بکە، بۆیە رازی نیم، ئێستاش ناتوانیت دایبنێیت، چونکە کاتژمێر 3:00ی عەسرە و بەیانی کۆبوونەوە كاتژمێر 10:00یە و ناکاتە 24 کاتژمێر، پێنج كاتژمێری کەمە و 19 كاتژمێر دەکات”.

رێواز فایەق لە درێژەی قسەكانیدا كە ئەمڕۆ لە كۆنفرانسێكدا لە هەولێر پێشكەشیكرد ئەوەشی وت، “بە هێمن هەورامیم وت دایمەنێ چونکە قبوڵی ناکەم، وتی جەنابی سەرۆک پێیوتوم بیکەم، لەبەردەمی ئێمەدا تەلەفۆنێکی بۆ هات وتی ‘ئەوە تەلەفۆنی جەنابی سەرۆکە و پێمدەڵێت بیکە و دەبێت بکرێت’، وتم ‘تۆ بیکە ئێمەش دەزانین چی دەکەین’، دواتر کاتێکی کەم لەبەردەمماندا بو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی و بڕیارمدا ئەو دەسەڵاتەی یاسا پێیداوم بەکاریبهێنم، چۆن دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانە رۆژی کۆبوونەوەکە دیاری بکات، هەر لەناو ئەو بڕگەیە هاتووە کە دەسەڵاتیەتی دوایبخات”.

سەبارەت بە رۆژی دانیشتنەكەش سەرۆكی پەرلەمان ئەوەی خستەڕوو، “ویستم لەناو هۆڵی پەرلەمان بەریەککەوتن روونەدات، تەسەورم وابوو کە دانیشتنەکە کۆتایی پێدەهێنین، هەموو شت کۆتایی پێدێت، لەڕووی پەیڕەوی و یاساییەوە هەموو شتێک کۆتایی پێهاتووە، کە ئێمە هەڵدەستین فراکسیۆنی یەکێتی لە بەردەم دوو بژاردەدایە، یەکەم، کە من هەڵدەستم فراکسیۆنی یەکێتی هەڵدەستێت کە بۆ بژاردەی یەکەم ئامادەبووە، دوەمیش، ئەگەر جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە ناپەیڕەوی بڕیاردەدات کۆتایی بە دانیشتنەکە نەهێنێت، ئەوا فراکسیۆنی یەکێتی ئەرکیەتی نەیەڵن ئەو کارە ناپەیڕەوییە بەڕێوەبچێت”.

دووپاتیشیكردەوە، ئەوەی لە کۆبوونەوەی 23ی ئایار لە ناو پەرلەمان روویدا، نایاسایی و ناپەیڕەوییە. ئەوەشی وت، “ئیرادەی یەکێتی لەگەڵ ئیرادەی هێزە سیاسیەکانی دیکە کە هەموومان پێکەوە پاکێجێکمان هەبووە و، ناکرێت هەڵبژاردنمان لەسەر فەرز بکرێت بەو یاسایە”.

سەبارەت بە بڵاوكردنەوەی بڕیارەكە سەرۆكی پەرلەمان وتی، “بەکارهێنانی وەزارەتی داد کە بەداخەوە وەزیری داد سێ خول سکرتێری پەرلەمان بووە و، کاری سکرتێری پەرلەمان ئەوەیە کە بەشێوازێکی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، لە هەموومان باشتر دەزانێت کە ئەوەی روویداوە نایاساییە، بەڵام بەداخەوە ئیرادەی راگرتنی نەبوو، سبەی ئەنجومەنی دادوەری کۆدەبێتەوە و داوادەکەم رۆڵی ئەخلاقی و یاسایی و پیشەیی خۆی بگێڕێت، نەبێتە بەشێک لە پڕۆسەیەکی نایاسایی کە بەڕێوەدەچێت، چونکە یەکێتی بژاردەی دیکەی هەیە بۆ راگرتنی ئەو مەهزەلەیە”.

بابەتی پێشتر

داوا لە هاوڵاتییان دەکرێت تانکییەکانی ئاویان پاکبکەنەوە

بابەتی دواتر

عێراق تەواوی بەرهەمی جوتیارانی هەرێم وەردەگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ڕانیە.. گەنجێك بە چەقۆ برینداركرا

بەهۆی دروستبوونی شەڕ گەنجێك لە ڕانیە برینداربوو، پۆلیسی ڕاپەڕین دەڵێت، برینەكەی سەختە و تۆمەتبار ڕوداوەكەش دەستگیركراوە. بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی…
Total
0
Share