بەڕێوەبەری فڕۆكەخانە: گەشتەكان لە سلێمانییەوە بۆ وڵاتانی جیهان بەردەوامن

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی رایدەگەیەنێت، گەشتەكان لە فڕۆكەخانەكەیانەوە بۆ سەرجەم وڵاتانی جیهان بەردەوامن.

هەندرێن هیوا موفتى، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، گەشتە ئاسمانییەكانی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی لە سلێمانییەوە بۆ وڵاتانی جیهان و بەپێچەوانەوە بەردەوامن و رۆژانە چەندین گەشت ئەنجامدەدرێن.

وتیشی، “جگە لە كۆمپانیای توركیش ئێرلاین، گەشتی كۆمپانیاكانی هێڵی قەتەری، هێڵی مەلەكی، فلای دوبەی و ماهان ئێر بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی و بەپێچەوانەوە بەردەوامن، ئەو كۆمپانیانەش گەشتی ترانزێتیان بۆ ئەوروپا و هەموو جیهان هەیە”.

گەشتیاران لە سلێمانییەوە بە ترانزێت دەگەیەندرێنە عەمان، دوبەی و دەوحە لەوێشەوە دەتوانن بۆ سەرجەم وڵاتان بچن و بگەڕێنەوە، هەندرێن هیوا وای وت.

بەپێی خشتەی گەشتەكان كە فڕۆكەخانەی سلێمانی لە وێبسایتەكەیدا دایناوە ئەمڕۆ هەشت گەشتی هاتن و رۆیشتن ئەنجامدەدرێت، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانە ئەوەی خستەڕوو، گەشتی فڕۆكەخانەی سلێمانی لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دەوروبەر جگەلە توركیا هەیە و هەفتانە چەند گەشتێك ئەنجامدەدرێن.

سەبارەت بە گەشتەكانی توركیاش، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی وتی، تائێستا هیچ بڕیارێكی نوێ نییە و گەشتەكان بۆ ئەو وڵاتە وەستاون، “راگرتنەكەی پەیوەندی بە گرفتی تەكنیكییەوە نییە، تا وادەی دەستپێكردنەوە بزانین، پرسێكی سیاسییە و هیوادارین لە كاتێكی نزیكدا چارەسەر بكرێت”.

روونیشیكردەوە، بەهۆی ئەو بڕیارەوە مانگانە نزیكەی 105 گەشت كە دەكاتە نزیكەی 35 بۆ 40%ی گەشتەكانی فڕۆكەخانەكەیان كەمیكردووە.

بابەتی پێشتر

نرخی کارەبای موەلیدە دیاریکرا

بابەتی دواتر

وەزارەتی كارەبا لەبارەی نرخی كارەباوە روونكردنەوە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share