مەكتەبی سیاسی: یەكێتی ئەو هێزە نییە كە خۆسەپێنی قبووڵ بكات و تەسلیمی ئیرادەی لایەنێكی تر بێت

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، هەنگاوەكەی رۆژی دووشەممەی پەرلەمانتارانی پارتی، هەنگاوێكی تاكڕەوانەیە و دوورە لە هەموو ئەو بنەما و پڕەنسیپانەی پەیوەستن بە كاری پێكەوەیی و نیشتمانییەوە و دەشڵێت، “یەكێتی ئەو هێزە نییە كە خۆسەپێنی قبووڵ بكات و تەسلیمی ئیرادەی لایەنێكی تر بێت”.

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، “یەكێتی بە پشوودرێژی و ئیرادەی پێكهاتنەوە تەنانەت بە ناچاری رازی بوو لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ئەویش لە پێناو دەرفەتدان بە پێكهاتن لەسەر بنەمای ئەو یاسا و پرسانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە و سازانی هەموولایەكی پێویستە”.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە دوا كۆبوونەوەی رۆژی 21-5-2023 لە نێوان مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی جەخت لەوە كرایەوە هەردوولا و هەموو فراكسیۆنەكان پێكەوە لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنی كۆمسیۆن رێكبكەون، بەڵام بەداخەوە فراكسیۆنی پارتی هەموو ئەم پرەنسیپانەیان پێشێلكرد و بە هاوكاریی سكرتارییەتی پەرلەمان یەكلایەنە و تاكڕەوانە خاڵی ناپەیڕەوییان كردە ناو ئەجێندای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بەبێ ئاگاداركردنەوەی 24 كاتژمێری پێشوەختە و بەبێ رێزگرتن لە سازان، دەستپێشخەری و هەموو كۆششەكانی لێكگەیشتن”.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەشڵێت، “ئەمە هەنگاوێكی تاكڕەوانەیە و دوورە لە هەمو ئەو بنەما و پڕەنسیپانەی پەیوەستن بە كاری پێكەوەیی و نیشتمانییەوە، هەر كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانتارانی پارتی دوای كۆتاییپێهێنانی دانیشتنە فەرمییەكە لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە، هیچ بەهایەكی یاسایی نییە و كارێكی تەواو ناپەیڕەوییە، چونكە سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنەكەی بەكراوەیی بەجێنەهێشتووە تاوەكو جێگرەكەی بەردەوامی پێبدات”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەو هێزە نییە كە خۆسەپێنی قبووڵ بكات و تەسلیمی ئیرادەی لایەنێكی تر بێت، بەڵكو ئامادەیە لە پێناو گەلی كوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە وەڵامدەرەوەی خواستی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان و كۆمەڵگەی كوردستانی بێت، هەموو قوربانییەك بدات”.

دەقی راگەیەندراوەكە:

بەیاننامەیەك لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بۆ رای گشتی و دۆستانی ئەزموونی دیموكراسیی گەلەكەمان

لەسەرەتای سەرهەڵدانی تەنگژەی سیاسی و بە بنبەستگەیشتنی سازانی نیشتمانیی لەسەر پرسی دیموكراسی و رێوشوێنی یاسایی، نیشتمانی و گونجاو بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە گیانی پەرۆشی بۆ چارەسەر و دەستپێشخەری بەرپرسیارانە داوای لە هەموو لایەنەكان كرد پێكەوە لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و رێوشوێنی كاراكردنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی گفتوگۆیەكی بنیاتنەرانە بكرێت كە بنەماكانی هەڵبژاردنێكی بێگەرد و دیموكراسی تێدا رەچاو بكرێت. بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەی هەموو جۆرە سازانێكی نیشتمانی بوو كە ئەم تەنگژە دیموكراسییە تێپەڕێنین و پێكەوە مژدەی هەڵبژاردن و نوێكردنەوەی ئەزموونەكەمان بە گەلی كوردستان و هەموو پێكهاتەكانی و دۆستانیشمان لە جیهان بدەین.

یەكێتیی بە پشوودرێژی و ئیرادەی پێكهاتنەوە تەنانەت بە ناچاری رازی بوو لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ئەویش لە پێناو دەرفەتدان بە پێكهاتن لەسەر بنەمای ئەو یاسا و پرسانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە و سازانی هەموولایەكی پێویستە.

تەنانەت لە دوا كۆبوونەوەی رۆژی ٢١-٥-٢٠٢٣ لە نێوان مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی جەخت لەوە كرایەوە هەردوولا و هەموو فراكسیۆنەكان پێكەوە لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنی كۆمسیۆن رێكبكەون. جگەلەوەی لە كۆبوونەوەكانی یەكێتی و پارتی بە گشتی تەئكید لەوە كراوەتەوە هاوتەریب ئەم دوو پرسە پێكەوە یەكلابكرێنەوە و بڕیاری نیشتمانییان لێبدرێت، بۆ ئەوەی كەشی ئیجابی دەستپێخەرییەكان و فەزای كۆبوونەوەكان نەشێوێنرێت كە گەلەكەمان و دۆستەكانی هیوای زۆریان پێیەتی.

بەڵام بەداخەوە فراكسیۆنی پارتی هەموو ئەم پرەنسیپانەیان پێشێلكرد و بە هاوكاریی سكرتاریەتی پەرلەمان یەكلایەنە و تاكڕەوانە خاڵی ناپەیڕەوییان كردە ناو ئەجێندای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بەبێ ئاگاداركردنەوەی ٢٤ سەعاتی پێشوەختە و بەبێ رێزگرتن لە سازان، دەستپێشخەری و هەموو كۆششەكانی لێكگەیشتن.

ئەم هەنگاوانەی ئەمڕۆی پارتی سەرجەمیان ناپەیڕەوی و تاكڕەوانەن چونكە:

یەكەم:

پێشتر حزب و لایەنە سیاسییەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی هەرێم رێككەوتوون لەسەر ئەوەی هەر پرۆژە یاسایەك رەهەندی نیشتمانیی هەبێت، نابێت تاكڕەوی تێدا بكرێت و پێویستە بەپێی زۆرینە و كەمینە مامەڵەی لەگەڵدا نەكرێت. بەڵكو دەبێت هەر پرۆژەیاسایەكی لەو جۆرە تەوافوقی نیشتمانیی لەسەربێت هەر لە نووسینەوەی رەشنووسی پرۆژەكە تا جێبەجێكردنیشی لە بەرنامەی كاری پەرلەمان، گفتوگۆكردن، پەسەندكردن، دەرچوواندن و جێبەجێكردنیشی را و بۆچوونی هێز و لایەنە سیاسییەكانی تێدا وەربگیرێت.

دووەم:

دژ بە مادەی ٤۸ بڕگەی چوارەمە كە هاتووە پێویستە بۆ زیادكردنی هەر بابەتێك پێش ۲٤ سەعات لە دانیشتنەكە داوا بكرێت. بەڵام فراكسیۆنی پارتی لەڕێگەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێری پەرلەمان و بەبێ رەزامەندیی سەرۆك، كاراكردنەوەی كۆمسیۆن وەك خاڵێكی زیادكراو دەخەنە بەرنامەی كاری دانیشتنی رۆژی دووشەممە ٢٠٢٣.٥.٢٢ی پەرلەمانەوە. ئەمەش هەنگاوێكی تاكڕەوانەیە و دوورە لە هەموو ئەو بنەما و پرەنسیپانەی پەیوەستن بە كاری پێكەوەیی و نیشتمانییەوە

سێیەم:

دژ بە ماددەی ۱۸ كە تایبەتە بە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمان لە بڕگەی سێھەمدا هاتووە كە كردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان، كۆتاییپێهێنانی و دواخستنی لە دەسەڵاتی حەسڕیی سەرۆكی پەرلەمانە. ئەو بڕیارەی ئەمڕۆی سەرۆكی پەرلەمانیش لە واژۆنەكردنی زیادكردنی خاڵی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بۆ بەرنامەی كار و كۆتاییهێنان بە دانیشتنی پەرلەمان، ئەویش لەپێناو بەدیهێنانی كۆدەنگیی نیشتمانی سەبارەت بە پرسە گرنگ و هەستیارەكانی ژیانی سیاسی و حوكمڕانی لە هەرێمدا. بۆیە ئەم بڕیارە سەرباری گرنگییە سیاسییەكەی، لەچوارچێوەی تایبەتمەندییەكانی سەرۆكی پەرلەمان خۆیەتی كە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێیبەخشیووە.

بۆیە هەر كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانتارانی پارتی دوای كۆتاییپێهێنانی دانیشتنە فەرمییەكە لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە، هیچ بەهایەكی یاسایی نییە و كارێكی تەواو ناپەیڕەوییە، چونكە سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنەكەی بەكراوەیی بەجێنەهێشتووە تاوەكو جێگرەكەی بەردەوامیی پێبدات.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سۆنگەی پێدانی دەرفەت بە رێككەوتن و بەرمەبنای نیشاندانی ئیرادەی دیموكراتی و عەدالەتخوازی خۆی، وەك هەمیشە بە پشوودرێژی و دانبەخۆداگرییەوە پێداگری لەسەر هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرد دەكات كە گوزارشت لە ئیرادەی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە بكات. هەر بۆیە لەپێناو ئەم ویستە دیموكراسییەشیدا رێگە بە هیچ كارێكی ناڕەوا و ناشایستە بە ئەزموونی گەلەكەمان نادات.

لە كۆتاییدا دەمانەوێت وەبیر هەموو لایەنەكانی بهێنینەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەو هێزە نییە كە خۆسەپێنی قبووڵ بكات و تەسلیمی ئیرادەی لایەنێكی تر بێت، بەڵكو ئامادەیە لە پێناو گەلی كوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە وەڵامدەرەوەی خواستی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان و كۆمەڵگەی كوردستانی بێت، هەموو قوربانییەك بدات.

بابەتی پێشتر

بۆچی نابێت کورسیی کۆتاکان بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی حزبێکی دیاریکراو بەکاربهێندرێت؟

بابەتی دواتر

لە ژەمی بەیانیاندا چی بخورێت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share